ھێرشكارەكەی ئیستانبوڵ ھۆكاری رانەكردنی ئاشكرا دەكات
بە رێگەی تەلەگرام، پلانی ھێرشەكەشی راستەوخۆ لە ئەمیرێكی داعش لە سوریا وەرگرتووە
K24 - ھەولێر
ھێرشكارەكەی سەری ساڵی نوێی ئیستانبوڵ كە 39 كەسی كوشت دەڵێت بەھۆی ئەوەی دەستم بە كوڕەكەم نەگەیشت نەمتوانی بۆ سوریا را بكەم.
رۆژنامەی حورییەتی توركی بڵاوی كردەوە عەبدولقادر مەشاریپۆڤ لە كاتی لێپرسینەوە بە پولیسی راگەیاند پلانی ئەوەی ھەبوو پاش ھێرشەكەی ئێستانبوڵ لەگەڵ كوڕەكەی را بكات، بەڵام نەگەیشتە كوڕەكەی خۆی، كە لە كاتی ھێرشەكەدا لە ماڵێكی ناوچەی زەیتونبورو داینابوو.
ھەر لەمبارەوە دەڵێت "پلانم ھەبوو بە رێگەی ئیزمیر و ھاتای بچمە سوریا، بەڵام كاتێ پۆلیس دەوروبەری منی گرت ناچاربووم را بكەم".
دەشڵێت "چوومە ناوچەی ئەسەن یورت و ژنێكی ئەو ماڵەی تێیدا بووم مارەم كرد، پلانی ئەوەم نەبوو لە كاتی راكردن ھاوژین و كچەكەم لەگەڵ خۆم ببەم، بەڵام دەمویست كوڕەكەم لەگەڵ خۆم ببەم".
باس لەوەش دەكات "پەشیمان نییە لە ھێرشەكەی و بەشدارانی ئاھەنگی سەری ساڵی نوێ بە كافر دەزانێت و دووەم ئامانجیشی رۆژنامەی جومھورییەت بووە".
دەشڵێت "ئەگەر بەرم بدەن دووبارە ئەو كارە دەكەم".
له یهكهم كاتژمێرهكانی سهری ساڵی نوێی 2017، هێرشكارەكە به چهكی كلاشینكۆف هێرشی كرده سهر بهشدارانی ئاههنگی سهری ساڵ له نادییهكی شهوانه له ئیستانبوڵ بههۆیهوه 39 كهس كوژران و نزیكهی 70 دیكهشی بریندار بوون، 24 له كوژراوهكانی هاووڵاتانی وڵاتانی عهربین و سێ لهوانیش خهڵكی ههرێمی كوردستانن.
ھێرشكارەكە دوای دوو ھەفتە لە لایەن ھێزە ئەمنییەكانی توركیاوە لە ئیستانبوڵ دەستگیر كرا و خەڵكی ھەرێمی ئیغوری چین (توركستانی رۆژھەڵات) و ئەندامی بزووتنەوەی ئیسلامی ئۆزبەكستانە و ئەركیشی بڵاوكردنەوە ڤیدیۆی شەڕ و توندتیژی ئەم بزووتنەوە لە ماڵپەرە كۆمەڵایەتییەكاندا بووە. ھەر لەناو ئەم بزووتنەوەیە مەشقی سەربازی بینیوە.
عەبدولقادر مەشاریپۆڤ ئەوەشی گوتووە "لەگەڵ ھاوژین و كوڕ و كچەكەی لە رێگەی ئەفغانستان، پاكستان و ئێران گەیشتووەتە توركیا، كە لە ئێران داعشی ناسیوە".
بە رێگەی تەلەگرام، پلانی ھێرشەكەشی راستەوخۆ لە ئەمیرێكی داعش لە سوریا وەرگرتووە.
دەشڵێت "وێنەكانی گوڕەپانی تەقسیمم گرت و وێنەكانی شوێنەكانی دەستنیشنكراوم بۆ ئەمیری داعش لە سوریا نارد، بەڵام بەھۆی قەرەباڵغی نەمتوانی ھێرشەكە لەو شوێنە ئەنجام بدەم؛ ھەر بۆیە ھێرشم كردە سەر یانەی شەوانی رێینا".
JS