ئەنجامدەری كردەوە تیرۆرستییەكەی ساڵی 2015 عەینكاوە دەسگیركرا

ئەو كەسە ھەڵگری ناسنامەی ساختە بوو كوردستان24 وێنە و ناسنامە ساختەكەی بڵاودەكاتەوە

K24 – ھەولێر

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجامدەری كردەوە تیرۆرستیەكەی ساڵی 2015 عەینكاوە دەستگیركراوە و ناسنامەی تیرۆرستەكەش ئاشكرا دەكات.

لە راگەیاندراوێكدا دژە تیرۆری كوردستان رایگەیاند: "تیرۆریستێکی هه‌ڵهاتووی ئه‌نجامده‌ری کرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌که‌ی رێکه‌وتی (2015/4/17) شارۆچکه‌ی عەینکاوا نزیک کونسوڵخانه‌ی ئه‌مەریکا ده‌ستگیرکرا".

دژە تیرۆر ناسنامەی ئەنجامدەرەكە ئاشكرا دەكات رایدەگەیەنێت: "توانرا تیرۆریست (علی سلێمان عثمان) یه‌کێک له‌ ئه‌نجامده‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌که‌ی رێکه‌وتی (2015/4/17) نزیک کونسوڵخانه‌ی ئه‌مەریکا ده‌ستگیربکه‌ن".

لە راگەیاندراوەكەدا روونكراوەتەوە: "تیرۆریست(علی سلێمان عثمان) وه‌ک یه‌کێک له‌ ئه‌نجامده‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌و کرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌ هه‌ڵهات بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنووری هه‌رێمی کوردستان، لە پلانێکی تۆکمەو سەرکەوتوی بەڕێوبەرایەتی گشتی دژە تیرۆر و دوای کۆکردنەوەی زانیاری و چاودێری ورد توانرا تیرۆریستی داواکراو(علی سلێمان عثمان) کە ھەڵگری ناسنامەی ساختە بوو بە ناوی (ھیوا محمد اسماعیل ) دەستگیربکرێت".

 به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان  ئەوەی خستووەتەڕوو: "گروپی تیرۆریستی (داعش) لە ڕێکەوتی (2015/4/17) لە ڕێگای ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کردەوەیەکی تیرۆریستیان لە نزیک کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەولێر ئەنجامدا، کە بووە ھۆی شەھید بوونی دوو ھاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەک ھاووڵاتی دیكە و دوای ماوەیەکی کەم ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی کردەوەکە و ھەڵھاتنی تیرۆریست (علی سلێمان عثمان) راگەیاند بوو".

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا ھاتووە: "دوای رەوانەکردنی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستیە بۆ دادگا کە ژمارەیان (17) تیرۆریست بوو بڕیاری لە سێدارەدان بۆ (7) تیرۆریست و زیندانی ھەتا ھەتای بۆ (10) تیرۆریستی دیكە بەشداربووی کردەوە کە دەرچوو".

ناسنامەی ساختەكەی ئەنجامدەری كردەوە تیرۆرستییەكەی ساڵی 2017 عەنكاوە
ناسنامەی ساختەكەی ئەنجامدەری كردەوە تیرۆرستییەكەی ساڵی 2017 عەنكاوە
وێنەی ئەنجامدەری كردەوە تیرۆرستیەكەی ساڵی 2015 عەنكاوە
وێنەی ئەنجامدەری كردەوە تیرۆرستیەكەی ساڵی 2015 عەنكاوە