بارزانی: كوردستان نابێتە بەشێك لە شەڕی تاییفی ناوچەكە
"داهاتووی كورد لە سووریا لە دەستی ئەوانە دەبێت كە نەهجێكی راستیان هەیە و لە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كورد هەنگاو دەنێن"
K24 - ھەولێر
مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "كوردستان هەرگیز نابێتە بەشێك لەو شەڕە تاییفییەی كە لە ناوچەكەدا لە ئارادایە و ئەو ململانێیە بووەتە بەڵا بۆ ئاساییشی ناوچەكە و جیهان".
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە: "ئەمڕۆ سێشەممە 31/1/2017 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا و سكرتێر و نوێنەرانی پارتە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی كورد لە سووریا كرد".
لە دیدارەكەدا شاندی میوان باسیان لە گفتوگۆ و دانیشتنەكانی ئاستانە لە وڵاتی كازاخستان و هەڵوێستی لایەنە بەشداربووەكانی ئەو گفتوگۆیانە لەبارەی ئاییندەی سووریا كرد، رۆشنایشیان خستەسەر چالاكییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا بۆ بەرگریكردن لە داوا رەواكانی گەلی كورد لە سووریا. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد لە پشتیوانیكردنی هێزە ڕەسەن و نیشتیمانپەروەرەكانی كورد لە سووریا و داوایان كرد سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونی و ئامۆژگارییەكانی خۆی لەمەڕ پێشهاتەكانی سووریا و داهاتووی كورد لە سووریا و ناوچەكە بخاتەڕوو.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێست و خۆڕاگریی پارتە سیاسییەكانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا نیشاندا و جەختی لەوە كردەوە كە بڕیار و داهاتووی كورد لە سووریا لە دەستی ئەوانە دەبێت كە نەهجێكی راستیان هەیە و لە ئاراستەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كورد هەنگاو دەنێن. ئەوەیشی خستەڕوو كە بە هەموو توانایەك پاڵپشتی داوا و مافەكانی گەلی كوردە لە سووریا و هەرێمی كوردستانیش وەك ماڵ و پشتیوانی خوشك و برایانی كورد لە سووریا دەمێنێتەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان و بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و ڕوانگەی وڵاتان لەبارەی گەلی كوردستان و پێشمەرگە و ئەگەر و پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا پێشكەش كرد. لە میانەی وتەكەیدا سەرۆك بارزانی باسی لە هەڕەشەكان هزری توندڕۆیی و تیرۆر كرد و ئەوەیشی خستەڕوو كە جیهان بۆ تێكشكاندنی تیرۆر و لەناوبردنی هزری تیرۆر پێویستی بە گەلی كوردستانە. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە شەڕی تاییفی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە كوردستان هەرگیز نابێتە بەشێك لەو شەڕە تاییفییەی كە لە ناوچەكەدا لە ئارادایە و ئەو ململانێیە بووەتە بەڵا بۆ ئاساییشی ناوچەكە و جیهان.