مەسرور بارزانی: سه‌ربه‌خۆیی كوردستان فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتری ناوچه‌كه ده‌بێت
"ھەنگاریا له مه‌شق و راهێنان و كار‌كر‌ن بۆ زیاتركردنی یارمه‌تی و هاوكارییه سه‌ربازییه‌كان بۆ پێشمه‌رگه بەردەوام دەبێت"
K24 – ھەولێر
مەسرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: "هه‌رێمی كوردستان به ئارام و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه ده‌مێنێته‌وه و كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتری هه‌موو ناوچه‌كه ده‌بێت".
ئه‌مڕۆ 31/1/2017 مه‌سرور بارزانی راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، له میانه‌ی پێشوازیكردنی له ئه‌تیلا تار باڵیۆزی هه‌نگاریا له عێراق جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، كه هه‌رێمی كوردستان به دورگه‌ی ئارام و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه ده‌مێنێته‌وه.
له‌دیدارێكدا كۆمه‌ڵێك پرس، له نێویاندا په‌یوه‌ندی دووقۆڵی و هاریكاری سه‌ربازی تاوتوێكرا و جه‌خت له گرینگی مه‌شق و راهێنان به پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌لایه‌ن تیمی راهێنانی سوپای هه‌نگاریا كرایه‌وه. له‌وباره‌وه مه‌سرور بارزانی، وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له تیمی راهێنه‌رانی سوپای هه‌نگاریا باسی له‌وه‌ش كرد، كه هه‌رێمی كوردستان به دورگه‌ی ئارام و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه ده‌مێنێته‌وه و كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ فاكته‌ری سه‌قامگیری زیاتری هه‌موو ناوچه‌كه ده‌بێت.
له‌به‌رامبه‌ردا باڵیۆزی هه‌نگاریا له عێراق، وێڕای دووپات كردنه‌وه لە ئارامی و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان جێی بایه‌خی وڵاته‌كه‌یانه، راشیگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی له مه‌شق و راهێنان و كار‌كر‌ن بۆ زیاتركردنی یارمه‌تی و هاوكارییه سه‌ربازییه‌كان بۆ پێشمه‌رگه به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته سه‌ر پێشكه‌وتنه به‌ده‌ستهاتووه‌كانی دژ به داعش له پارێزگای مووسڵ و رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی چوار مانگی ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ، داعش ژماره‌یه‌كی زۆر چه‌كداری له‌ده‌ستداوه و له‌لێواری رووخان و له‌ناوچوون نزیك بۆته‌وه.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌ره‌پێدان و قوڵتركردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی دۆستایه‌تی نێوان هه‌نگاریا و هه‌رێمی كوردستان كرا و ئه‌تیلا تار راشیگه‌یاند، ئێمه له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی دۆستایه‌تیی و هاوبه‌شیی نێوانمان سوورین و هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ له بواره جیاجیاكاندا پشتمان پێ ببه‌ستێ.
