مامۆستاكەی خەبات دەدرێتە دادگا

"بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە و لە چەند رۆژی داھاتوودا دادگایی دەكرێت"

K24 – ھەولێر

ئه‌و مامۆستايه‌ى له‌ شارۆچكه‌ى خه‌بات سزاى قوتابييه‌كى دابوو دەدرێتە دادگا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نەیویست ناوی بنووسرێت بە كوردستان24 گوت: "دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە سزای ئەو مامۆستایەی دا، ئێستا بڕیاری دەستگیركردنی دەرچووە و 14 ئەم مانگە دادگایی دەكرێت".

دوای ئەوەی مامۆستایەك لە شارۆچكەی خەبات سزای قوتابیەكی دابوو، وەزارەتی پەروەردە لە 28 كانوونی دووەمی 2017 لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد كە سزای مامۆستاكەیانداوە.

لە راگەیاندراوەكەی وەزارەتی پەروەردە ئاماژە بۆ ئەوەكرابوو: "پاش بەدواداچوونی راستەوخۆی وەزارەتی پەروەردە و وەرگرتنەوەی وەڵامی لیژنەیەکی تایبەت سەبارەت بە "سزادانی قوتابی (عیمران شوکر) لە لایەن مامۆستاکەی (مەهدی محەمەد حەسەن) لە قەزای خەبات" بڕیار درا بە:

1ـ دابەزاندنی پلەی وەزیفی.

2ـ لادانی لە پیشەی پیرۆزی مامۆستایەتی.

3ـ گواستنەوەی بۆ دیوانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر وەک فەرمانبەر.