سعودیه پشتيوانى بڕیاره ئابووریيه‌كانی ترا‌مپ ده‌كات
وه‌به‌رهێنانی نه‌وتی له ئه‌مریكا زیاتر ده‌كه‌ین.
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری وزه‌ی سعوديه رایگه‌یاندووه، پاڵپشتی بڕیاره ئابووریيه‌كانی ترا‌مپ ده‌كه‌ین و وه‌به‌رهێنانی نه‌وتی له ئه‌مریكا زیاتر ده‌كه‌ین.
خالد فالح وه‌زیری وزه‌ی سعودیه رایگه‌یاند، له سه‌رده‌می ئیداره‌ی ترا‌مپ وه‌به‌رهێنانی نه‌وتی له ئه‌مریكا زیاتر ده‌كه‌ین، چونكه ئیداره‌ی ترا‌مپ ئاراسته‌یه‌كی باشی هه‌یه له پشتبه‌ستن به‌سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی كۆن.
فالح ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه سعودیه هیچ گرفتێكی نیه له‌گه‌ڵ زیادبوونی نه‌وتی به‌ردی له ئه‌مریكا، چونكه خواست له‌سه‌ر وزه له سه‌ر ئاستی جیهان به‌رده‌وام له‌به‌رزبوونه‌وه‌دایه.
ئه‌م پشتيوانييه‌ى سعوديه بۆ ترا‌مپ له كاتێكدايه، به هۆى بڕياره‌كانى ئيداره‌ى نوێى ئه‌مريكا له باره‌ى په‌نابه‌ران و هاووڵاتيانى حه‌وت وڵاتى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاسته‌وه ده‌نگى ناڕه‌زايه‌تى له ئه‌وروپا و ژماره‌يه‌ك وڵاتى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دژى ترا‌مپ له به‌رزبوونه‌وه‌دايه.