شاندێكی رۆژئاوای كوردستان سەردانی ئەمریكا دەكەن

پرسی فیدراڵیزم تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكانی دەبێت

K24 - ھەولێر

شاندێكی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سوریا سەردانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكات كە دوو ھەفتە بەر لە ئێستا داواكاری ئەوان بۆ سەردانكردنی واشنتۆن  لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا قبووڵكراوە.

بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد، كامیران حاجۆ لەمبارەوە بە "ھافینگتۆن پۆست"ی راگەیاند لە سەردانەكەیان بۆ واشنتۆن كە لە كوتاییەكانی شوبات ئەنجام دەدرێت، گۆڕانكارییەكانی سوریا و دانوستانی ئاستانا و ژنێڤ و ھاوپەیمانی نوێ و داھاتووی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا تاوتوێ دەكەن.

حاجۆ ھەروەھا باس لە پرسی فیدراڵیزم دەكات و دەڵێت بیرۆكەی فیدراڵی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا تاوتوێ دەكەین و لەمبارەوە ئاگاداری روانێنی ئەوان سەبارەت بە پرۆژەی فیدراڵی و ئایندەی سوریا دەبین.

ئامانجێكی تری سەردانی شاندی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد بۆ ئەمریكا تاوتوێكردنی پرسی پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستانە، كە ئەنجومەنی نیشتمانی بە ھێزی سەربازی خۆد دەزانێت و لە ھەرێمی كوردستان مەشق و راھێنانیان پێكراوە و داوای پشتگیری واشنتۆن بۆ ئەم ھێزە دەكات كە بەشداری لە شەڕی دژی چەكدارانی داعش بووە.

سەردانی ئەم شاندە كوردییەی رۆژئاوای كوردستان لە كاتێك دایە كە سەرۆكی نوێی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ پشتگیریی خۆی بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە سوریا دەربڕی و توركیا و وڵاتانی ھاوپەیمانی عەرەبی پێشوازی لێ دەكەن و روسیاش تێبینی لەسەری ھەیە.

بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لەم بارەوە دەڵێت سەردانەكەیان بۆ تاوتوێكردنی ناوچەی ئارام نییە، كە باسكردنی ناوچەی ئارام پاش قبوڵكردنی داواكاری ئەوان بۆ سەردانكردنی ئەمریكا بووە.

ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لەناو ھاوپەیمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دایە و دوو نوێنەری ئەنجومەن لەم چوارچێوەیە بەشداری دانوستانەكانی ئاستانا ببوون.

JS