مه‌نسوور بارزانی به‌م شێوه‌یه باسی وه‌حید كۆڤلی ده‌كات
پرسه نامه‌یه‌كیش ئاراسته‌ی كه‌سوكاری كۆڤلی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
مه‌نسوور بارزانی، فه‌رمانده‌ی له‌شكری تایبه‌ت و گوڵانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، به بۆنه‌ی كۆچی دوایی لیوا وه‌حید كۆڤلی نووسیویه‌تی: "پياوى رۆژانی تەنگانە وبەرخودان وئازايەتی بوو".
مه‌نسوور بارزانی، له‌گه‌ڵ ئه‌و نووسینی سه‌ره‌خۆشییه‌كه‌یدا، وێنه‌یه‌كی خۆی له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌حید كۆڤلی له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له فه‌یسبووك، بڵاوكردووه‌ته‌وه، كه به یه‌كه‌وه گرتوویانه.
مه‌نسوور بارزانی، له پرسه‌نامه‌كه‌یدا، ده‌ڵێت: "ھەزاران سڵاو لەگیانی پاکی ھەڤاڵ وبرا وفەرماندەی چاونەترس وقارەمانى كورد وكوردستان فەرماندەی ھەمیشە لە ياد (وەحید کۆڤڵی) پياوى رۆژانی تەنگانە وبەرخودان وئازايەتی، سه‌ره‌خۆشی له زۆر به‌رێزجه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی وله خۆمان وهه‌موو هه‌ڤاڵ و دۆست و هاوسه‌نگه‌ر و بنه‌ماڵه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كه‌م و داواكارم له یه‌زدانی مه‌زن خوالێخوشبوو به به‌هه‌شت شاد بكات و سێبووری بداته هه‌موو لایێكمان به تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی فه‌رمانده (وه‌حید كۆڤڵی). انا لله وانا الیه را‌جعون".
لیوا وه‌حید كۆڤلی، كه به‌شداری له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعشی كردووه و به‌رده‌وام له هێڵی پێشه‌وه‌دا بووه، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ هه‌ینی 3ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2017 به جه‌ڵته‌ی مێشك كۆچی دوایی كرد.