لە ساڵێكدا 73 كێڵگەی مینڕێژکراو لە ناوچە رزگاركراوەكان خاوێن کراونەتەوە
تەقینەوەی مین لە ساڵی رابردوو 41 قوربانی ھەبووە
K24 - ھەولێر
دەزگای گشتی كاروباری مین رایگەیاند (10,529,777) مەتری دووجا کێڵگەی مینرێژکراو لە ناوچە رزگاركراوەكان خاوێن كراونەتەوە، لەگەڵ پووچەڵكردنەوەی 4288 تەقەمەنی جۆراوجۆر لە مین و بۆمبی چێندراو و ھەوەھا 469 پارچەی تەقەمەنی UXO.
بە پێی ھەواڵێكی ماڵپەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان 73 كێڵگەی مینڕێژکراو لە ساڵی 2016 خاوێن کراونەتەوە.
محەمەد ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین رایگەیاند لە ساڵی 2016 (2,660,505) مەتری دووجا کێڵگەی مینرێژکراو لە ناوچە رزگاركراوەكان خاوێن کراوەنەتەوە، پاش ئەوەی لە لایەن هێزەکانی پێشمەرگە كۆنترۆڵکراون.
رێژەی هاتنی كۆمپانیاكانی بواری مین بۆ هەرێمی كوردستان لە بەروارد لەگەڵ ساڵانی رابردوو زیادی كردووە بۆ 25 رێكخراو و كۆمپانیای ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەرز بووەتەوە. لەوانە ئەو رێكخراو و كۆمپانیانەکانی MAG, HI, DRC, SOS, Sterling, FSD, NPA
بە پێی داتاكانی دەزگای گشتی مین لە تشرینی یەكەمی 2016 رێكخراوی MAG و كۆمپانیای Sterling لە ناحیەی باشیك دەستیان بەكار كرد و 25 ناوچەی مەترسی بە بۆمب و تەقەمەنی دەستنیشانکران، کە سەرچاوەی ئاو و وێستگەی كارەبای باشیك لە قوناغی پاككردنەوەدان. لەگەڵ پاكسازی و ھۆشیاری لە هەر یەک لە ناوچەکانی رەبیعە، سنونێ، زومار، شنگال، خازر، داقوق و گوڵاڵە.
دەزگای گشتی كاەوباری مین كە سەر بە حكومەتی ھەرێمی كوردستانە رادەگەیەنێت هەر ساڵی 2016 لە چوارچێوەی بەرنامەی ھۆشیاركردنەوە، نزیكەی 50 هەزار كەس لە(پێشمەرگە، پیاو، ژن، ئاوارە و پەنابەر) سوودمەند بوون و بە سەدان هەزار ھۆیەكانی ھۆشیاركردنەوەشی دابەشکراون.
مین و بۆمبە چێندراوەکانی داعشیش بە شێوەیە پۆڵێن دەکات: بۆمبی چێندراوی داعش تێكەڵەیەك لە پەینی كیمیاوی و ئۆیل وەك مادەی ئەمۆنیا، یۆریا و پتاسیۆم.
لە لایەکی ترەوە سەرۆكی جێبەجیكاری خێر خوازی بریتانیا The Halo Trust بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاند لە عێراق، سوریا و لیبیا مینی ژەهراوی تێکەڵاو هەیە، هەر بۆیە پێویستیان بە کارێکی زۆر بۆ ئەنجامدان هەیە.
هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریكا، ھۆلەندا، كەنەدا، سوید، نەرویج، ژاپۆن، ئەڵمانیا، فەرەنسا و رێكخراوی UNOPS یارمەتی دەزگای گشتی مینیان داوە بۆ خاوێنکردنەوەی کێڵگە مینرێژکراوەکانی ناوچە رزگارکراوەکان.
لە كۆی 41 قوربانی مین و بۆمبە چێندراوەكانی داعش لە ماوەی ساڵی رابردوو 16 كەسیان گیانیان لە دەستداوە و 25 دیكەشی برینداربوون.
دەزگای گشتی كاروباری مین، پلانی ئەوەی ھەیە لە ماوەی 10 ساڵدا بە تەواوەتی كۆتایی بە مین و بۆمبە چێندراوەكان لە هەرێمی كوردستان بێنێت.
بۆ ساڵی 2017 پلانی پاككردنەوەی سەدان کێڵگەی مینڕێژکراو لە ناوچە رزگارکراوەکانی پارێزگای نەینەوا هەیە، لەوانە لە گوندەکانی (فازلیە، بەھزانی، ناوەران، خورسیبات) لە قەزای باشیک.
JS