رۆژنامه‌ى "هه‌ولێر" هێرشێكى "توند" ده‌كاته‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د

هه‌ڵۆ و شاناز په‌روه‌رده‌ى مه‌دره‌سه‌ى حقد و دڵڕەشی و فیتنەگێڕی ئيبراهيم ئه‌حمه‌دن

K24 – هه‌ولێر:

وه‌ك به‌رگرييه‌ك له‌ جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، قوباد تاڵه‌بانى، رۆژنامه‌ى "هه‌ولێر" هێرشێكى "توند" ده‌كاته‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌ى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د.

رۆژنامه‌كه‌ سه‌روتارى ژماره‌ (2544)ى رۆژى دووشه‌ممه‌ 6ى شوبات/ فێبرايه‌رى 2017ى له‌ ژێر ناونيشانى "هەڵۆ برایم ئەحمەد، تۆ كێیت؟"  ته‌رخانكردووه‌ بۆ پشتيوانيكردن له‌ قوباد تاڵه‌بانى و له‌و ميانه‌يه‌دا ره‌خنه‌ى توندى له‌ مێژووى سياسى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د و هه‌ڵۆى كوڕى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د و شانازى كچى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د گرتووه‌.

قوباد تاڵه‌بانى و هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌دى دايكى
قوباد تاڵه‌بانى و هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌دى دايكى

رۆژنامه‌كه‌ نووسيويه‌تى: "دەپرسین هەڵۆ كێیە و چ كارەیە و چ سیفەتێكی رەسمیی هەیە و چی بۆ ئەم وڵاتەكردووە و كێ سەرپشكی كردووە تا بۆی هەبێ بەم شێوە سنوربەزێن و ناشرینە پەلاماری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و دامەزراوەكانی ئەم وڵاتە بدات".

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "ئەو ئەگەر ناكۆكی لەگەڵ خزمانی خۆی هەیە، ئەدی پارتی بۆ تێكەڵ دەكا، پارتی چ پەیوەندییەكی بەو كێشانەوە هەیە، ئایا پارتی گوتوویەتی ناكۆكیتان هەبێ و بكەونە گیانی یەك؟".

هه‌ر له‌ سه‌روتاره‌كه‌دا رۆژنامه‌ى "هه‌ولێر" باسى له‌ مێژووى سياسى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د كردووه‌ و نووسيويه‌تى: "هەڵۆیەكی گومناو گەر كوڕی برایم ئەحمەد نەبێ لە چ پێگەیەكەوە رێپێدراوە بەم جۆرە پەلامار بدات، برایم ئەحمەدیش خەزوری جەنابی مام جەلال نەبێت، خاوەنی كامە تەجروبەیە كە شایانی كەمترین شانازی پێوەكردن بێت و مایەی دەمگەرمیی كوڕەكەی بێت! ".

ئيبراهيم ئه‌حمه‌د له‌ دوا ساڵه‌كانى ته‌مه‌نى له‌ له‌نده‌ن
ئيبراهيم ئه‌حمه‌د له‌ دوا ساڵه‌كانى ته‌مه‌نى له‌ له‌نده‌ن

ئيبراهيم ئه‌حمه‌د، له‌ سه‌رده‌مى شۆڕشى ئه‌يلوولدا (1961 - 1975)، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سياسى و ماوه‌يه‌كيش سكرتێرى پارتى ديموكراتى كوردستان بووه‌، به‌ڵام له‌ ناوه‌ڕاستى ده‌يه‌ى شه‌ستدا پشتى له‌ شۆڕش كردووه‌ و تاك لايه‌نه‌ به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ركردايه‌تى شۆڕشه‌كه‌ و وه‌ك باڵێكى جيابوويه‌وه‌ له‌ شۆڕش مفاوه‌زاتى له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى عه‌سكه‌رى به‌عس له‌ عێراق كردووه‌ و به‌و هۆيه‌وه‌ ريزى شۆڕش يه‌كه‌م درزى سياسى و سه‌ربازى تێكه‌وتووه‌.

هه‌ڵۆى كوڕى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د
هه‌ڵۆى كوڕى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د

له‌و باره‌يه‌وه‌ له‌ سه‌روتاره‌كه‌ى رۆژنامه‌ى "هه‌ولێر"دا هاتووه‌: "مەگەر برایم ئەحمەد نەبوو كە تۆوی دووبەرەكی و تەفرەقەی لەنێو بزوتنەوەی سیاسیی كوردستاندا چاند و مەدرەسەیەكی دامەزراند كە خەڵكانی وەك هەڵۆ و شانازی خوشكی تێدا پەروەردە بوون كە جگە لە حقد و دڵڕەشی و فیتنەگێڕی، هیچ خێرێكی دیكەیان بۆ ئەم وڵاتە نییە؟".

رۆژنامه‌ى "هه‌ولێر" نووسيويه‌تى: "هەڵۆ بە چ شانازییەكی مێژووی برایم ئەحمەدەوە خۆی هەڵدەكێشێ و دەڵێ گوایە كاك قوباد لەو شانازییە بێبەش بووە؟ ئەگەر ریعایەت كردنی بارودۆخی ئێستای كوردستان نەبایە، لەگەڵ رێزێكی زۆر بۆ كاك قوباد تاڵەبانی و دایكی و هەموو ئەو تێكۆشەرانەی یەكێتی كە دەیانەوێ رۆڵێكی ئیجابی بگێڕن، تەنیا گوزەرێكی سەرپێیی بە نێو ژیانی ئەو پیاوەدا بەسە بۆ ئەوەی هەڵۆ و مامۆستاكانی تێبگەیەنین كە ئەو مێژووەی پێوەی دەنازێ، جگە لە بەڵا بۆ بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان، هیچی دیكە نییە".

شانازى كچى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د
شانازى كچى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د

رۆژنامه‌كه‌ له‌ باره‌ى هه‌ڵۆى كوڕى ئيبراهيم ئه‌حمه‌د ئه‌وه‌شى نووسيوه‌: "هەڵۆ و شاناز كە تێكۆشەرانی یەكێتی لەهەموو كەس باشتر دەزانن لە چ ناز و نیعمەت و مشەخۆری و ژیانێكی شاهانەی مافیایی پڕ خەدەم و حەشەمدا دەژین و بە درێژایی ژیانیان كەمترین ئەرك و زەحمەتییان بۆ ئەم وڵاتە نەچێشتووە، بە چ حەقێك رێگە بە خۆیان دەدەن تۆمەت ببەخشنەوە و قسە لە كاروباری وڵاتێك بكەن كە بە حەیاتیان عارەقەیان بۆ نەڕشتووە و كارێكیان بۆ نەكردووە".

رۆژنامه‌ى "هه‌ولێر" ئاماژه‌ى به‌ شاناز ئيبراهيم ئه‌حمه‌دى خوشكى هه‌ڵۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د كردووه‌ و نووسيويه‌تى: "هەڵۆ و خوشكەكەی چ كارەن لە سامانی وڵات بپرسنەوە و چییان بۆ ئەو وڵاتەكردووە تا ئێستا ببنە خەمخۆری!".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى سه‌روتاره‌كه‌ى رۆژنامه‌ى "هه‌ولێر" باس له‌وه‌ كراوه‌، كه‌ هێرۆ ئيبراهيم ئه‌حمه‌د هاوسه‌رى جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێرى گشتيى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان و دايكى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم قوباد تاڵه‌بانى، ئاگادارى هه‌موو ورده‌كارييه‌كى پرسى نه‌وت و داهاته‌كه‌يه‌تى.

له‌ سه‌روتاره‌كه‌دا هاتووه‌: "هەڵۆ ئەگەر پرسیارییشی لەو بابەتە هەیە، دەكرێ نەك لە كاك قوباد، لە هێرۆ خانیش بپرسێ چونكە ئەویش ئاگاداری هەموو وردەكارییەكانی نەوتە، ئیتر وتار هۆنینەوەی بۆ چییە؟".

گه‌لاوێژ ساڵح فه‌تاح و ئيبراهيم ئه‌حمه‌دى هاوسه‌رى و منداڵه‌كانيان
گه‌لاوێژ ساڵح فه‌تاح و ئيبراهيم ئه‌حمه‌دى هاوسه‌رى و منداڵه‌كانيان

له‌ كۆتايى سه‌روتاره‌كه‌دا، رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، به‌ "پێويستيان زانيوه‌ وه‌ڵامى هه‌ڵۆ بده‌نه‌وه‌" و تێيدا هاتووه‌: "پەلاماری هەڵۆ بۆ سەر دامەزراوەكانی كوردستان و سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، لەسنووردەرچوونێكی ئەوەندە قێزەونە كە وەڵامدانەوەی دەخواست. باشتریش وایە ئەو گومناوە لەمەوپاش ووتارە رقاوییەكانی خۆی لە جنێوخانەكانی وەك (كوردستان پۆست) و هاوشێوەكانیدا بڵاوبكاتەوە كە هاوئاست و هاوپێگەی ئەون".

به‌ گوێره‌ى نه‌ريتى پيشه‌ى رۆژنامه‌وانى "سه‌روتار"ى رۆژنامه‌ ئاماژه‌يه‌ بۆ هه‌ڵوێست و ده‌ربڕى سياسه‌تى ره‌سمى ده‌زگاى بڵاوكه‌ره‌وه‌ ياخود رۆژنامه‌كه‌يه‌.

گه‌لاوێژ ساڵح فه‌تاح و ئيبراهيم ئه‌حمه‌دى هاوسه‌رى و هه‌ڵۆى كوڕيان
گه‌لاوێژ ساڵح فه‌تاح و ئيبراهيم ئه‌حمه‌دى هاوسه‌رى و هه‌ڵۆى كوڕيان

ئ.ه