په‌يه‌ده:‌ له‌ مۆسكۆ كۆنگره‌يه‌ك بۆ لايه‌نه‌ كوردييه‌كان سازده‌كرێت

له‌ به‌رنامه‌ياندايه‌ كۆنگره‌يه‌ك به‌ به‌شدارى نوێنه‌رانى كورد له‌ سووريا و توركيا و عێراق و ئێران له مۆسكۆ ئه‌نجام بده‌ن.

K24 – هه‌ولێر:

نوێنه‌رى پارتى يه‌كێتى ديموكراتى (په‌يه‌ده‌) له‌ مۆسكۆ، عه‌بدولسه‌لام عه‌لى رايگه‌ياند، له‌ به‌رنامه‌ياندايه‌ كۆنگره‌يه‌ك به‌ به‌شدارى نوێنه‌رانى كورد له‌ سووريا و توركيا و عێراق و ئێران له مۆسكۆ ئه‌نجام بده‌ن.

له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى ئينته‌رفاكسى رووسى، عه‌بدولسه‌لام عه‌لى روونيكرده‌وه‌، بڕياره‌ كۆنگره‌كه‌ له‌ 15ى شوبات/ فێبرايه‌ر به‌ڕێوه‌ بچێت و تێيدا پرسى كێبڕكێ بۆ دووباره‌ دابه‌شكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانى هه‌ژموونى وڵاتانى زلهێز له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست تاوتوێده‌كرێت و ره‌وشى ئێستا و لێكه‌وته‌ شيمانه‌كراوه‌كانى ده‌خرێته‌ به‌ر باس.

چاوه‌ڕوانده‌كرێت ئاسيا عه‌بدوڵڵا هاوسه‌رۆكى پارتى يه‌كێتى ديموكراتى و ئه‌نوه‌ر موسليم سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى  جێبه‌جێكردنى كانتۆنى كوبانێ به‌شدارى بكه‌ن.

بڕياره‌ له‌ پارچه‌كانى ديكه‌ى كوردستانيشه‌وه‌ ژماره‌يه‌ك نوێنه‌رى پارت و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان به‌شدارى بكه‌ن.