سه‌رۆكی چه‌ندان یانه‌ی كوردستان بڕیاری كشانه‌وه‌یان راگه‌یاند
عه‌بدوڵڵا مه‌جید دوای 12 ساڵ له سه‌رۆكایه‌تیكردن بڕیاری چۆلكردنی كورسییه‌كه‌ی ده‌دات

K24 ـ هه‌ولێر
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی وه‌رزش و لاوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی بڕیاری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی بۆ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی یانه‌كانی كوردستان له سه‌ره‌تای مانگی نیسانی داهاتوو راگه‌یاند، له راپۆرتێكی مه‌یدانی كوردستان24ـدا چه‌ندان سه‌رۆكی یانه‌ی گه‌وره‌ی كوردستان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه خۆیان بۆ سه‌رۆكایه‌تی یانه‌كه‌یان به‌ربژێر ناكه‌نه‌وه.
عه‌بدوڵڵا مه‌جید، كه ماوه‌ی 12 ساڵه جله‌وی سه‌رۆكایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێری گرتۆته ده‌ست و پێشتر 4 جار ناسناوی خولی نایابی عێراقی بۆ یانه‌كه‌ی بردۆته‌وه، به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ربژێر ناكاته‌وه و، ده‌شڵێت: پۆسته‌كه‌م بۆ كه‌سێكی دیكه جێده‌هێڵم.
عه‌بدوڵڵا مه‌جید كه پێشتر له‌گه‌ڵ یانه‌ی هه‌ولێر دووجار گه‌یشتۆته یاری كۆتایی جامی فیدراسیۆنی ئاسیا، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 هۆكاری وازهێنانه‌كه‌ی بۆ ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه داراییه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه كه به‌رۆكی كوردستانی گرتووه، ده‌شڵێت: ئێستا كاتی وازهێنانه‌وه و ئه‌وه‌ی له توانامدا هه‌بوو بۆ یانه‌ی هه‌ولێر كردم.

حاكم جه‌مال دامه‌زرێنه‌ری یانه‌ی هه‌ندرێن له به‌رسیڤێكی كوردستان24ـدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه له پلانیدا نییه ببێته‌وه سه‌رۆكی یانه‌ی هه‌ندرێن ده‌شڵێت: نابمه‌وه سه‌رۆك، به‌ڵام له پاڵپشتیكردن و پێشخستنی یانه‌ی هه‌ندرێن ناكشێمه‌وه.
حاكم جه‌مال كه پێشتر ناسناوی خولی نایابی كوردستانی بۆ یانه‌ی هه‌ندرێن بردۆته‌وه، به كوردستان24ـی راگه‌یاند كه گۆڕانكاری گه‌وره له به‌شێك له ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كه‌یان ده‌كرێت.
.jpg)
سامی عه‌زیز، سه‌رۆكی یانه‌ی برایه‌تی هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات كه به‌م بارودۆخه‌ی ئێستا نایه‌وێت له سه‌رۆكایه‌تیكردنی یانه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت.
سامی عه‌زیز له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ده‌ڵێت: هه‌مووان ده‌زانم له سه‌رده‌می من یانه‌ی برایه‌تی به كوێ گه‌یشت.

بریاره له سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێری سه‌رجه‌م یانه‌كانی باشووری كوردستان ده‌كرێت كه 85 یانه‌ی له‌خۆگرتووه، كه تێیدا جه‌خت له‌وه‌كراوه‌ته كه هه‌ر سه‌رۆك و ئه‌ندامێك كه 8 ساڵیان له پۆسته‌كه‌ی تێپه‌ڕاندووه بۆیان نییه له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو خۆیان به‌ربژێر بكه‌نه‌وه، دوایینجاریش كه هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێری یانه‌كان كرا له 2012 بوو.