خالید شوانی: دەبێ كورد بە بەغدا بڵێ ئەگەر كێشەكانمان چارەسەر نەكەن بژاردەی دیكەمان ھەیە
"جێبەجێ نەكردنی دەستووری عێراق و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بێ متمانەیی دروستكردووە"
K24 – ھەولێر
خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كورددستان و گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق بە كوردستان24 راگەیاند: "دەبێ كورد راشكاوانە بە بەغدا بڵێ ئەوە كێشەكانمانن، ئەگەر چارەسەری نەكەن بژاردەی دیكەمان ھەیە".
لەبارەی كۆبوونەوەی شاندی یەكێتی و ھاوپەیمانی نیشتمانی شیعە بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم و باسكردن لە سەربەخۆیی كوردستان خالید شوانی گوتی: "ئەوان دەیانەوێت كێشەكان لە عێراقدا چارەسەربكرێت، شاندەكەی ھاوپەیمانی نیشتمانی گوتیان، پێگەی كورد لە عێراق گرنگە و پێویستە پێگەی پارێزراوبێت، مافی چارەی خۆنووسین مافی رەوای گەلی كوردە، بەڵام ئێستا بەباشی دەزانین كێشەكان لەچوارچێوەی عێراق چارەسەر بكرێن، دپلۆماسیانە وەڵامیاندایەوە".
گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكە جەختی لەسەركرایەوە، ئەو ھەموو ھەڵە ستراتیژیانەی لەماوەی رابردوودا كراوە، بەتایبەتی جێبەجێنەكردنی دەستووری عێراق و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا بێ متمانەی دروستكردووە".