54 ساڵ بەسەر کودەتای دژی عەبدولكەریم قاسم تێپەڕ دەبێت

عەبدولكەریم قاسم داوای لە مەلا مستەفا بارزانی كرد لە سۆڤییەت بگەڕێتەوە عێراق و هاوكاری شۆڕشەكەی بكات

K24 – ھەولێر

54 ساڵ بەر لە ئێستا لە رۆژی 8 شوباتی ساڵی 1963 به‌عسییه‌كان و نەتەوەپەرستانی عێراق بە سەركردایەتی عەبدولسەلام عارف كوده‌تایه‌كی خوێناوییان به‌سه‌ر عەبدولكەریم قاسم كرد و دوای كوشتنیشی سوكایه‌تیان به‌ ته‌رمه‌كه‌ی كرد.

پاش كودەتا ده‌سته‌یه‌ك به‌ناوی "حه‌ره‌س قه‌ومی" كە لەو ئەفسەر و سەربازانەی سوپا پێكھاتبوون و بیری نەتەوەپەرستییان تێدا زاڵبوو لە ناو كۆڵانه‌كانی به‌غدا كه‌وتنه‌ كوشت و بڕی خه‌ڵكی سڤیل  و شیوعییه‌كان و لە كوردستانیش سه‌دان گوندیان سوتاند و مه‌ڕو ماڵاتێكی زۆری ھاووڵاتیانیان تاڵان كرد.

شۆڤێنییەكانی عەرەب دو ساڵ بەر لە كودەتەكەیان، مادەی سێی دەستووری عێراقیان هەڵپەسارد كە باسی لە ھاوبەشی كورد و عەرەب دەكرد و ساڵی 1961 هێرشیان كردە سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان، دواتر شۆڕشی ئەیلوول بەرپا بوو.

دو ساڵ دوای ئەم ھێرشەش، لە رۆژی 8 شوباتی ساڵی 1963 دەستیان بە كودەتایەكی خوێناوی بەسەر عەبدولكەریم قاسم كرد.