هوشیار سیوه‌یلی ده‌بێته به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی
ھێمن ھەورامی پۆستێكی نوێ وه‌رده‌گرێت
K24 - ھەولێر
لە چوارچێوەی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به بڕیاری مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەناو ده‌زگاكانی حكومه‌ت و ئۆرگان و رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كرێت، ھۆشیار سیوەیلی وەزیری پێشووی كارەبا، دەكرێته بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی.

كوردستان24 زانیوویه‌تی كه (ھێمن ھەورامی) ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه نزیكه‌ی 7 ساڵه به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كه‌یه‌تی و له‌و ماوه‌یه‌دا له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شداری چه‌ندین كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه، به تایبه‌تی له وڵاتانی ده‌ره‌وه وه‌ك نوێنه‌ری حزبه‌كه‌ی له كۆنگره و كۆنفرانس و میتینگه‌كانی په‌یوه‌ست به ناوچه‌كه به‌شداریكردووه، شوێنی كاره‌كه‌ی ده‌گۆڕێت وه‌ك راوێژكار و ھاوكار له مه‌كته‌بی (مه‌سعود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دەست بە كار دەبێت.
هوشیار سیوه‌یلی كه له كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌زیری كاره‌با بووه، ده‌چێته شوێنه‌كه‌ی هێمن هه‌ورامی و وه‌ك به‌رپرسی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی ده‌ست به‌كارده‌بێت.
ھۆشیار سیوەیلی لە ساڵی 1956 لە سلێمانی لە دایكبووە و لە ساڵی 1981 بەكالوریوسی لە كولیژی ئەندازیاری لە موسڵ بە دەستھێناوە.
ھەر له‌و ساڵه‌دا تا كۆتایی 1983 لە ناوچەی لقی 4 پارتی لە شارەزوور پێشمەرگە بووە.
1984 تا 2001 چەندین بەرپرسایەتی لەناو رێكخستنەكانی پارتی ھەبووە، لەوانە كارگێڕی لقی شه‌شی ئەوروپا بووە.
لە ساڵی 1993 ماستەری لە ئەندازیاری سەرچاوەكانی ئاو لە زانكۆی لەندەن بەدەستھێناوە.
ساڵی 2002 بووەته بریكاری وەزارەتی یارمه‌تی مرۆڤایەتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
لە ساڵی 2006 لە كابینەی پێنجەم پۆستی وه‌زاره‌تی كاره‌بای پێدراوه.
ماوی سێ ساڵ وەك خۆبەخش لە كۆلیژی ئەندازیاری لە زانكۆی سەڵاحدین لە بەشی ئاو وانەبێژ بووە.
خێزاندارە و خاوه‌نی 3 منداڵه.