دەزگایەك زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار دەھێنێتە ھەرێمی كوردستان

"ھاتنی ئەو پارەیە كاریگەری باشی بەسەر ھەرێمی كوردستانەوە ھەیە"

K24 - ھەولێر

دەزگای گشتی كاروباری مینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلاری ھێناوەتە ناو ھەرێمی كوردستان .

محەمەد ئەحمەد سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دوای هاتنی داعش و دەستگرتن بەسەر بەشێكی خاكی كوردستان، دواتر ئازادكردنەوەی لەلایەن  هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئەو ناوچانە داعش سەرجەمی بە بۆمب و تەقەمەنی  بۆمبڕێژكرد، وەك دەزگایەكی حكوومەتی هەرێمیش لەرێگەی كونسوڵخانە و نوێنەراییەتیەكانی وڵاتانی بیانی لە هەرێم داوای هاوكاری و پاڵپشتی زیاترمان بۆ پاككردنەوەی ئەوناوچانە و ناوچەكانی دیكەی هەرێم كرد، لە ئەنجامدا توانرا لە ساڵی 2016 بڕی 20 ملیۆن دۆلار بۆ بواری پاككردنەوەی ناوچە پیسبووەكان بە مین و تەقەمەنی و پاشماوە جەنگیەكان تەرخان بكرێت".

سەرۆكی دەزگای مین راشیگەیاند: "هاتنی ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم لەو قەیرانە داراییە كاریگەری باشی بەسەر هەرێمەوە هەیە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو هاتنی كۆمپانیا و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانی بواری مین بۆ هەرێمی كوردستان  بۆ 25 كۆمپانیا و رێكخراو زیادیكردووە".

دەزگای گشتی كاروباری مین  دامەزراوەیەكی  حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانە، بەپێی یاسای ژمارە 10 لەساڵی 2007 بەفەرمی دامەزراوە.