فیلمێکی کوردی لە ئەمریکا هەوڵی بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار دەدات
کورتەفیلمی "شار لە تای درەختی نارنگی" لە نووسین و دەرهێنانی ئەمیر غوڵامی، لە 57ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەشڤێڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کێبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵاتی ئۆسکار دەکات.
دووشەممە 21ـی ئەیلوولی 2026، ئەمیر غوڵامی، دەرهێنەری کورتەفیلمەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "57ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەشڤێڵ کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1969 دەگەڕێتەوە، یەکێک لە دێرینترین و دیارترین رووداوە سینەماییەکانی ئەمریکایە". غوڵامی روونیکردەوە، بۆ خولی ئەمساڵ لە نێوان زیاتر لە 3,800 بەرهەمی نێردراو لە 100 وڵاتی جیهانەوە، تەنیا 150 فیلم بۆ بەشداریکردن لە بەشە کێبڕکێییە جیاوازەکاندا هەڵبژێردراون.
لەبارەی گرنگیی فێستیڤاڵەکە، غوڵامی گوتی: "بەشە کێبڕکێیەکانی کورتەفیلم، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشنی فێستیڤاڵی نەشڤێڵ لەلایەن ئەکادیمیای ئۆسکارەوە دانپێدانراون، بەمەش براوەی یەکەمی ئەو بەشانە راستەوخۆ مافی بەشداری لە ریزبەندی بەرایی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا بەدەستدەهێنێت". ئەو دەرهێنەرە بەشداریکردنی فیلمەکە لەم بەشە کێبڕکێیەدا بە وێستگەیەکی گرنگ و نوێی نێودەوڵەتی لە رێڕەوی نمایشە جیهانییەکانی سینەمای کوردیدا ناوبرد.
سەبارەت بە چیرۆکی فیلمەکە، غوڵامی روونیکردەوە: "چیرۆکی کورتەفیلمەکە سەرنج دەخاتە سەر کەشوهەوایەک لە ئازار، یادەوەرییەکانی رابردوو و ئاسەوارە دەروونییەکانی جەنگ و ماڵوێرانی لە کۆمەڵگەدا". غوڵامی گوتی، ناو و ناوەڕۆکی فیلمەکە بە شێوەیەکی رەمزی و شاعیرانە، کار لەسەر زەمینەی مرۆڤایەتی و نەهامەتییەکان دەکات.
غوڵامی باسی لەوەش کرد کە درەختی نارنگی وەک هێمایەک بۆ ژیان، هیوا و بەردەوامی لە ناوەڕاستی وێرانییەکاندا بەکارهاتووە، لە کاتێکدا کارەکتەرەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی ئارامی و ناسنامەی خۆیاندان لە کۆمەڵگەیەکدا کە تووشی داڕمان یان قەیرانی رووخێنەر بووەتەوە. فیلمەکە لە رێگەی دیمەنی کاریگەر و زمانێکی وێنەیی بەهێزەوە، هەست و ئەزموونی قوڵی ژیانی کارەکتەرەکان لەژێر سێبەری ئەو "تای درەختی نارنگی"یەدا دەردەخات.
57ـەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەشڤێڵ بە بەشداریی ئەم فیلمە کوردییە، بڕیارە 24ـی ئەیلوولی 2026 لە نەشڤێڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست پێ بکات و ماوەی شەش رۆژ بەردەوام دەبێت.