پەرلەمانی عێراق: دەبێت پەلە لە دابینکردنی نەوتی سپی بکرێت

ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2026، پەرلەمانی عێراق چەند پێشنیازێکی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی و تەرخانکردنی نەوتی خاو و نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان کرد. 

پەرلەمانی عێراق بە پشتبەستن بە ماددەی 61ـی دەستوور، یاسای پەرلەمانی عێراق و پێکهاتەکانی ژمارە 13ـی ساڵی 2018 و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن، هەروەها لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی چاودێریکردنی ئەدای حکوومەت و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی، کۆمەڵێک پێشنیازی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی خستە روو.

لە پێشنیازەکەدا پەرلەمانی عێراق داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری ژمارە 429ـی ساڵی 2026ـی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان،  ئەم داوایە بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانە، چونکە هەر بەرزبوونەوەیەکی نرخی سووتەمەنی دەبێتە هۆی هەڵکشانی تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنان و خزمەتگوزارییەکان، کە لە کۆتاییدا بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتیان.

لە پێشنیازەکاندا هاتووە، دەبێت پلانێکی بەپەلە بۆ چارەسەرکردنی تەنگژەکان و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی قەیرانی سووتەمەنی دابنرێت و دڵنیایی لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سووتەمەنی لە سەرانسەری پارێزگاکاندا بدرێت. هەروەها داواکراوە راپۆرتێکی ورد سەبارەت بە قەبارەی بەرهەمهێنان، بەکاربردن، هاوردەکردن، تێچوونەکان، کۆگای ستراتیژی و بڕی دابینکراو بۆ پارێزگاکان ئامادە بکرێت.

پەرلەمانی عێراق جەختیدەکاتەوە لە دانانی خشتەیەکی کاتیی روون بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی هاوردەکردن. هاوکات داوای توندکردنەوەی کۆنترۆڵی سیستەمی دابەشکردنی سووتەمەنی لە کۆگاکانەوە تا وێستگەکانی سووتەمەنی و لێپرسینەوە لەو کەسانە کراوە کە لە دەستکاریکردن و قاچاخچێتیی سووتەمەنیدا بەشدارن.

هەروەها لیژنەی نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان راسپێردراوە چاودێریی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە بکات و راپۆرتی خولی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەرز بکاتەوە. لە پێشنیازەکاندا هاتووە، پێویستە پێداچوونەوە بە ستافی باڵای کۆمپانیاکانی وەزارەتی نەوتدا بکرێت بەپێی پسپۆڕی، بەتایبەت لەو بەشانەی گۆڕانکاریی کارگێڕییان تێدا کراوە و بووەتە هۆی دروستبوونی شکستەکان.

سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ، ئەنجوومەن داوای گەڕاندنەوەی نرخی نەوتی سپی بۆ نرخی پێشووی بۆ جووتیاران و کرێکارانی کشتوکاڵ کردووە. لە کۆتاییدا، داوای چارەسەرکردنی کێشەی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان کراوە لە رێگەی پێداچوونەوە بە بڕی نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان و دابینکردنی خێرای نەوتی سپی بۆ وەرزی زستانی داهاتوو.