ههنگاوهكانی سوپا رووبهڕووی ئاستهنگ دهبێتهوه
لەوانەیە بە ھۆی بەرگری توندی داعش لە رۆژئاوای موسڵ داوای بەشداریكردنی ھێزەكانی پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، پاسەوانی نەینەوا و چەكدارانی دیكە بكرێت
K24 - ھەولێر
پاش كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی موسڵ ھێزەكانی عێراق لەوانە دژە تیرۆر لە سەرەتاكانی2017 دەستیان بە ئامادەكاری كرد بۆ چۆنییەتی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای شارەكە، كە بە تەواوەتی ژێر كۆنترۆڵی چەكدارانی داعش دایە.
ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای موسڵ بە ھۆی ھەندێ فاكتەر جیاواز دەبێت لە ئۆپەراسیۆنی پێشووی ھێزەكانی عێراق لە رۆھەڵاتی شارەكە، كە رۆژی 17 تشرینی یەكەمی 2016 دەستیپێكرد و لەماوی سێ مانگدا ناوچەكانی دەوروبەری موسڵ و رۆژھەڵاتی شارەكەیان كۆنترۆڵ كرد.
فەرماندە سەربازییەكانی عێراق بۆ ئەم پرسە ئاماژە بە بەربەستەكانی وەك چڕی دانیشتوان لە رۆژئاوای موسڵ، كۆنی شارەكە دەكەن كە بیناكانی زۆر لە یەك نزیكن و شەقام و كۆلانەكانیشی تەسكن و كشانەوەی چەكدارانی داعش بەھۆی ئابڵۆقەدانیان بە دوور دەزانن و بە توندی بەرەنگاری ھێزەكانی عێراق دەبنەوە.
رۆژئاوای موسڵ كە بە بەشی راستی شارەكە ناسراوە 50 گەڕەك و ناوچەی دانیشتوانی ھەیە، ئەویش بە كۆلان و شەقامی تاسك و چڕی زۆری دانیشتوانی.
رێكخەری كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكاە لیزە گراند نیگەرانی قووڵی خۆی لە چارەنووسی 750 ھەزار دانیشتووی رۆژئاوای موسڵ پیشاندا.
لە لایەكی ترەوە روخاندنی پردەكانی موسڵ ئاستەنگێكی تری بەردەم ھیزەكانی عێراقە بۆ ھێرشكردنە سەر رۆژئاوای موسڵ و لە باكووری شارەكە پانایی روباری دیجلە كەمە كە شارەكە بە دوو بەشی چەپ و راست دابەشكردووە. ھەربۆیە فڕۆكەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەو شوێنەیان تۆپباران كردووە بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ ھێزەكانی دژە تیرۆری عێراق بكەن ئامێرە سەربازییەكانی لە رووبارەكە بپەڕیننەوە.
"المۆنیتۆر" لەسەر زاری سەرچاوەیەك لە ھێزەكانی دژە تیرۆر رایگەیاند ئامادەكارییان كردووە بۆ دانانی سێ پرد لەسەر روباری دیجلە لە ماوەی چەند رۆژی كەمی داھاتوو.
لە باشووری موسڵ، پۆلیسی فیدراڵ و ھێزەكانی بەرپەچدانەوەی خێرا لەگەل ژمارەیەك لە چەكدارانی حەشدی شەعبی جێگیر كراون و بەرەو فڕۆكەخانەی موسڵ و سەربازگەی غەزلانی و گوندەكانی " الكرامة واللزاكة والبوسيف" جولەیان پێدەكرێت، كە ھیشتا ژێر كۆنترۆڵی داعشدان.
ئەم ھێزانە لە ناحیەی حەمام عەلیل دەست بە ھێرش دەكەن و لەوانەیە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی فڕۆكەخانە و سەربازگەكە بە خاڵی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای موسڵ ئەژمار بكرێت.
گوتەبێژی حەشدی شەعبی ئەحمەد ئەسەدی رۆژی 25 كانوونی یەكەمی 2016 بەشداریكردنی حەشد لە شەڕی رۆژئاوای موسڵی راگەیاند كە بەشێكی زۆری ناوچەكانی رۆژئاوای موسڵ بەرەو سەنتەری قەزای تەلەعفەری كۆنترۆڵ كردووە و رێگەی ھاتوچووی داعشی نێوان موسڵ و سوریا داخست و بە ھۆیەوە چەكدارانی داعش ناچارن تا دوایین ھەناسە لە رۆژئاوای موسڵ بەرگری بكەن.
بەڵام لە میحوەی باكووری موسڵ، باس لە ئەگەری بەشداریكردنی پاسەوانانی نەینەوا دەكرێت كە لە لایەن پارێزگاری پێشووی نەینەوا ئەسیل نوجێفی و بە پشتگیری و راھێنانی توركیا دامەزراوە.
ھەرچەندە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بەشداریكردنی چەكدارانی پاسەوانی نەینەوا لە شەڕی رۆژئاوای موسڵ بە دوور زانی، ئەویش بە ھۆی بوونی بڕیاری دەستگیركردنی نوجیفی. بەڵام نوجێفی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردەوە پاسەوانانی نەینەوا لە 30 گەڕەكی رۆژھەڵاتی موسڵ عەردیان بەدەستە.
داعش بەھۆی ئەوەی كە تەواوی ھێزەكانی لە رۆژئاوای موسڵ كۆ كردۆتەوە و دوایین سەنگەریشە و رێگەی دەرچوونیشی نییە، بەرگرییەكی سەرسەختانە دەكات كە بە بوونی چڕی دانیشوان و تەسكبوونی شەقام و كۆلانەكانی پێشبینی شەڕێكی سەخت لە رۆژئاوای موسڵ دەكرێت.
داعش لە رۆژانی كۆتایی لە دەستدانی رۆژھەڵاتی موسڵ تاكتیكی نوێ بەكار ھێنا، لەوانە بەكارھێنانی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ چاودێری و بۆردومان. سەرباری ئەوەی دەست بە بۆمبرێژكردنی بینا و ئامادەكردنی ئۆتۆمبێلی بۆمبەكراو بۆ ھێرشی خۆكوژی لە رۆژئاوای موسڵی كردووە و نیشانەشكێنەكانیشی بڵاوە پێكردووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لەوانەیە ستراتیژی نوێی سەربازی بۆ رۆژئاوای موسڵ بگرێتەبەر و داوای بەشداریكردنی ھێزەكانی دیكە لە پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، پاسەوانی نەینەوا و چەكدارانی دیكە بكات.
JS