فوئاد حوسێن: باشبوونی ئابووریی عێراق کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت
وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، سەردانەکەی ئەم دوو رۆژەی بۆ ئەڵمانیا و فەرەنسا زیاتر ئابووری بووە، ئاشکراشی کرد کە پرسی چارەنووسی ئەو چەکدارانەی داعش کە هەڵگری رەگەزنامەی ئەو دوو وڵاتەن تاوتوێ کراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد "سەردانەکە بە گشتی سەردانێکی ئابووری بوو بۆ هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەرەنسا، لە سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانیشدا زیاتر تەرکیز لەسەر پرس و هاوکارییە ئابوورییەکان بوو."
وەزیری دەرەوەی عێراق تیشکی خستە سەر دۆخی دارایی و گوتی "ئەگەر بارودۆخی ئابووریی عێراق باش بێت، ئەوا راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووریی هەرێمی کوردستانیش دەبێت و بەرەو باشتربوون دەچێت."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ کوردستان24، فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد کە پرسی زیندانیانی داعش بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانیان بووە لەگەڵ بەرپرسانی پاریس و بەرلین و رایگەیاند "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان، باسکردن بوو لە دۆسیەی ئەو چەکدارانەی پێشتر لە ریزی داعشدا بوون و هەڵگری رەگەزنامەی فەرەنسی یان ئەڵمانین و لە ئێستادا لە بەندینخانەکانی عێراقن.
هاوکات ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لە نێوان عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فرێدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا، زەیدی جەختی کردەوە "هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە جەستەی عێراق، هەموو ماف و شایستەیەکی خۆی هەیە بە گوێرەی ئەو چوارچێوەیەی کە لە دەستوور و یاسادا بۆی دیاریکراوە.