راپۆرتێک: هێرشەکانی ئێران زیانیان بە سەدان بنکەی سەربازیی ئەمریکا گەیاندووە
سی بی ئێس نیوز وێنەی دزەپێکراوی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بڵاودەکاتەوە
رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بە پشتبەستن بە راپۆرتێکی فەرمیی پشکنەری گشتیی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بۆ کۆنگرێس ئاشکرای کرد، لە میانەی حەوت مانگی جەنگدا، هێرشەکانی ئێران زیانی قورسیان بە سەدان باڵەخانەی سەربازیی ئەمریکا لە هەشت دەوڵەتی ناوچەکە گەیاندووە و 184 ملیۆن دۆلار زیانیان لە باڵیۆزخانەکان داوە، هاوکات سوپای ئەمریکا تووشی قەیرانێکی گەورەی کورتهێنانی مووشەک و تەقەمەنی بووەتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی هاوبەشی پشکنەری گشتیی وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" کە تایبەتە بە جەنگی ئێران، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی تاران زیانی گەورەیان بە سەدان باڵەخانە و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە وڵاتانی کوەیت، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، سعوودیە، عێراق، عومان و ئوردن گەیاندووە.
راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە زیانەکان کەرتی دیپلۆماسیشیان گرتووەتەوە و نزیکەی 184 ملیۆن دۆلار زیان بەر باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کوەیت، سعوودیە و ئیمارات کەوتووە، هاوکات لە کۆی 50 هەزار سەربازی ئەمریکی کە لە ناوچەی فەرماندەیی سێنتکۆم جێگیر کراون، 18 سەرباز کوژراون و 417 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
تەنگژەی مووشەکی؛ بەکارهێنانی نیوەی یەدەگی تاد و مەترسییەکانی چین
راپۆرتەکەی پێنتاگۆن وەک یەکەمین هەڵسەنگاندنی فەرمیی ئاشکرا دادەنرێت کە پەردە لەسەر قەیرانێکی ستراتیژی لە کۆگاکانی چەکی ئەمریکادا هەڵدەداتەوە.
بەپێی ئامارەکان، سوپای ئەمریکا لە چوار هەفتەی سەرەتای جەنگدا زیاتر لە 850 مووشەکی تۆماهۆکی تەقاندووە و نزیکەی نیوەی تەواوی کۆگای مووشەکە پێشکەوتووەکانی بەرگریی ئاسمانیی "تاد (THAAD)"ی خەرج کردووە. لە بەرامبەردا کەرتی پیشەسازیی سەربازیی ئەمریکا رووبەڕووی بەربەستی گەورە بووەتەوە لە بەرهەمهێنانی مۆتۆری مووشەک، دابینکردنی تەقەمەنیی بەهێز و کەمیی دەستی کاری لێهاتوو، بە جۆرێک پڕکردنەوەی کۆگاکان پێویستی بە چەندین ساڵ کارکردنە، ئەمەش نیگەرانیی لای فەرماندەکانی پێنتاگۆن لە ناوچەی هیندۆ-پاسیفیک دروستکردووە کە نەبادا جەنگی ئێران ببێتە هۆی لاوازبوونی ئامادەیی ئەمریکا لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر جەنگێک لەگەڵ چین.
ناکۆکیی نێوان ترەمپ و هێگسێت سەبارەت بە کۆگای چەکەکان
کێشەی بەتاڵبوونی کۆگاکان بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پێت هێگسێتی وەزیری جەنگ، بەتایبەت دوای ئەوەی هێگسێت لە کۆنگرێس ئاشکرای کرد کە جەنگەکە تا مانگی تەممووز 37.5 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و داوای 67 ملیار دۆلاری بەپەلەی کردبوو بۆ کڕینی چەک تا پێنتاگۆن تووشی داڕمانی دارایی نەبێت.
لە بەرامبەردا، ترەمپ لە پەیامێکدا هەبوونی کێشەی لە کۆگاکانی چەک رەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد، سوپای ئەمریکا ئێستا خەریکی وەرگرتنی چەکی پێشکەوتووە بە قەبارەیەک کە لە مێژوودا وێنەی نەبووە، بەتایبەت سیستەمی پاتریۆت، تاد و مووشەکی تۆماهۆک.
جەنگەکە کە لە 28ی شوبات لە رێگەی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل و کوژرانی عەلی خامنەیی دەستیپێکرد، لە کاتێکدا پێی ناوەتە مانگی حەوتەمەوە کە تاران هێشتا گوشاری لەسەر گەرووی هورمز پاراستووە و پێشڕەویی حووسییەکانیش لە دەریای سوور مەترسیی زیاتری لەسەر کەشتیوانی دروستکردووە.
چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکان و پەککەوتنی هاوکارییە مرۆییەکان
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تووشی 113 ملیۆن دۆلار زیانی دارایی بووە، کە نزیکەی 80 ملیۆن دۆلاری تەنیا بۆ پرۆسەی بەپەلەی چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکان و گواستنەوەی کارمەندان و هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ناوچەکە خەرج کراوە، بە شێوەیەک نزیکەی 9 هەزار هاووڵاتیی ئەمریکی بە فڕۆکە و پاسی تایبەت لە ناوچەکە دەرکراون.
چۆڵکردنی باڵیۆزخانەکانیش بووەتە هۆی پەککەوتنی دەستبەجێی سەرجەم پڕۆگرامەکانی هاوکاریی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە بوارەکانی کشتوکاڵ، خۆراک، تەندروستی و دابینکردنی ئاوی خاوێن کە پێشتر لە لایەن واشنتنەوە بۆ ناوچەکە تەرخان دەکران.
وێنە دزەپێکراوەکان و تووڕەیی سەربازانی ئەمریکا لە بەرەکانی جەنگ
بەپێی راپۆرتێکی تایبەتی تۆڕی هەواڵی "سی بی ئێس نیوز"، ئەم وێنانە لە لایەن سەربازانی چالاکی سوپای ئەمریکاوە لە نێو بنکەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گیراون و بەهۆی یاسا توندەکانی سەربازییەوە بە نهێنی نێردراون تا قەبارەی راستەقینەی رووداوەکان بە خەڵکی ئەمریکا بگات.
یەکێک لە سەربازە جێگیرکراوەکان بە کەناڵەکەی ڕاگەیاندووە، ئاستی زیانەکان زۆر لەوە گەورەترە کە ئیدارەی واشنتن بۆ خەڵکی باسی دەکات، و گوتی: "زیانێکی ئێجگار گەورە بەر بنکەکانمان کەوتووە بەڵام بە ئەنقەست بە هاووڵاتییانی ئەمریکا ناگوترێت، لە راستیدا ئێمە لەوێ بە چاوی داخراوەوە وەستاوین و بە بەردەوامی مست لە دەموچاومان دەدرێت."
لێدانی فڕۆکەی سیخوڕیی ئاوکس لە بنکەی شازادە سوڵتان لە سعوودیە
یەکێک لە وێنە هەرە شۆکهێنەرەکان لە بنکەی ئاسمانیی "شازادە سوڵتان" لە سعوودیە تۆمار کراوە، کە تیایدا دەرکەوتووە مووشەک یان درۆنێکی ئێرانی بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە نیوەی دواوەی فڕۆکەیەکی چوار بزوێنەری پێشکەوتووی هەواڵگری لە جۆری "بۆینگ E-3 سێنتری (ئاوکس)"ی داوە؛ کلکی فڕۆکەکە بە تەواوی لە جەستە سووتاوەکەی جیا بووەتەوە و راداری خولاوەی فڕۆکەکەش کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی زانیاریی ئاسمانی تێکشکاوە.
وێنەکانی دیکەی هەمان بنکە باڵەخانە و خەوتنگەی وێرانکراوی سەربازان نیشان دەدەن، لە کاتێکدا دیوارە کۆنکرێتییە بەرزەکان (T-walls) کە پێشتر وەک قەڵغان لە دژی هاوەن دادەنران، بەرامبەر بە هێرشی ئاسمانی و درۆنەکان هیچ سوودێکیان نەبووە.
پێکانی کەمپەکانی بوهرینگ و عەریفجان لە کوەیت
دیمەنە دزەپێکراوەکان بارودۆخێکی هاوشێوە لە کەمپی "بوهرینگ" لە کوەیت پێشان دەدەن، کە بنکەیەکی سەرەکیی کۆکردنەوەی هێزە زەمینییەکان، زرێپۆش و فڕۆکەکانی سوپای ئەمریکایە لە ناوچە بیابانییەکانی باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە.
لە وێنەکاندا کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی سەربازی و کەرەڤانەی سووتاو و تێکشکاو دەبینرێن، هاوکات وێنەی کەمپی "عەریفجان" لە کوەیت زیانگەیشتن بە چەندین باڵەخانەی سەربازی لە ئەنجامی هێرشەکانی تاران ئاشکرا دەکات.