تێچووی جەنگی ئێران تا مانگی ئاب گەیشتووەتە 38 ملیار دۆلار

نووسینگەی بودجەی کۆنگرێسی ئەمریکا (CBO) گەیشتنی تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە جەنگی ئێراندا بۆ 38 ملیار دۆلار ئاشکرا کرد؛ لە زاری دیموکراتەکانی کۆنگرێسەوە هێرشی توند کرایە سەر ئیدارەی ترەمپ.

سێشەممە 15ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی ئەو بەڵگەنامە و داتایانەی نووسینگەی بودجەی کۆنگرێسی ئەمریکا (CBO) پێشکەشی لیژنەکانی کردووە و دەست رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کەوتوون، تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەند مانگی سەرەتای جەنگ لەگەڵ ئێران تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب گەیشتووەتە 38 ملیار دۆلار.

راپۆرتەکە هۆشداری داوە لەوەی کە بەردەوامیی ئەم جەنگە ئێستا مانگانە لە نێوان دوو بۆ سێ ملیار دۆلاری دیکە لە بودجەی گشتی دەسوتێنێت، ئەمەش بەبێ هەژمارکردنی ئەو خەرجییە زەبەلاحەی کە لە داهاتوودا پێویست دەبێت بۆ نۆژەنکردنەوە و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەو بنکە سەربازییە گەورانەی ئەمریکا کە لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی ئێرانەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

نووسینگەی بودجەی کۆنگرێس ئاشکرای کردووە سوپای ئەمریکا رووبەڕووی قەیرانێکی بێپێشینە بووەتەوە لە دابینکردنی تەقەمەنیدا، بە جۆرێک پێنتاگۆن پێویستی بە خەرجکردنی لانیکەم 22 ملیار دۆلار و ماوەی پێنج ساڵی تەواوە تا بتوانێت کۆگای ئەو مووشەکانە پڕبکاتەوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا تەقێندراون.

لەو بڕە پارەیەش، نزیکەی 13 ملیار دۆلاری تەنیا بۆ کڕینەوەی مووشەکی سیستمی بەرگریی ئاسمانی تەرخان دەکرێت، و حەوت ملیار دۆلاری دیکەشی بۆ مووشەکی کروزی هێرشبەری زەمینی دەبێت. لە راپۆرتەکە باسی لەوە کراوە، سوپای ئەمریکا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025ەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی دوو لەسەر سێی تەواوی یەدەگی هەندێک لە گرنگترین مووشەکە بەرگرییەکانی لە پاراستنی هێزەکانیدا بەکارهێناوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست دەکات ئەگەر واشنتن لەم کاتەدا رووبەڕووی جەنگێکی چاوەڕواننەکراو ببێتەوە لەگەڵ وڵاتێکی وەک چین کە خاوەنی کۆگایەکی ئێجگار فراوانی مووشەکی بالیستی و کروزە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارە فەرمییانە بووەتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکی توند لە نێو کۆنگرێسی ئەمریکادا، بەتایبەت لە لایەن پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتەوە کە دۆناڵد ترەمپ بە هەڵگیرساندنی جەنگێکی ماڵوێرانکەر تۆمەتبار دەکەن. برێندان بۆیل، ئەندامی باڵای دیموکراتەکان لە لیژنەی بودجەی ئەنجوومەنی نوێنەران کە داوای ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەی کردبوو، رایگەیاند، ترەمپ و کۆمارییەکان ساڵانێکی زۆرە بە خەڵکی ئەمریکا دەڵێن پارەی پێویست لە بەردەستدا نییە بۆ یارمەتیدانی خێزانە هەژارەکان لە ناوخۆدا، کەچی ئێستا دەیان ملیار دۆلار لە جەنگێکی بێباکانەدا خەرج دەکەن کە باجەکەی تەنیا دەچێتە سەر شانی هاووڵاتییانی باجدەر.

هاوکات سیناتۆر ئەلیزابێس وارن جەختی کردەوە، ئەم جەنگە بووەتە گورزێکی دووسەرە؛ لە لایەکەوە گیرفانی هاووڵاتییانی ئەمریکی کونکردووە و لە لایەکی دیکەشەوە کۆگاکانی تەقەمەنیی سوپای بەتاڵ کردووە و زیانی گەورەی بە ئامادەیی بەرگریی وڵات گەیاندووە.

ئەم پاشەکشە داراییە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ ناچارکردنی تاران بە دەستبەرداربوون لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە رێگەی سەربازییەوە گەیشتووەتە بنبەست، و لەم دواییانەدا ناچار بووە روو لە گوشاری ئابووری بکات. لە هەمان کاتدا ئیدارەکەی ترەمپ داوای 67 ملیار دۆلاری بەپەلەی لە کۆنگرێس کردووە بۆ داپۆشینی خەرجییەکانی جەنگ و پڕکردنەوەی کەلێنە سەربازییەکان، لە پاڵ داواکردنی بودجەیەکی ساڵانەی گشتی بە بڕی 1.5 ترلیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی بەرگری.

پەرلەمانتارە کۆمارییەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، دوورە کۆنگرێس پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی مانگی تشرینی دووەم رەزامەندی لەسەر ئەم بڕە پارە زەبەلاحە بدات، لە کاتێکدا بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ستیڤ فاینبێرگ، جێگری وەزیری جەنگ لە دانیشتنێکی داخراودا لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی هێزە چەکدارەکان رووبەڕووی پرسیاری توندی هەردوو پارتەکە ببێتەوە.