یەكێتی بۆ گۆڕانی ئاشكرا دەكات
سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی و گۆڕان تاوتوێی رێككەوتنی نێوانیان دەكەن
K24 – ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ سەركردایەتی ھاوبەشی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە و ئاستەنگەكانی بەردەم رێككەوتننامەكەیان تاوتوێ بكەن.
بە گوێرەی میدیاكانی یەكێتی و گۆڕان ئەمڕۆ سەركردایەتی ھاوبەشی ھەردوولا لە سلێمانی كۆدەبێتەوە و ئاستەنگەكانی بەردەم رێككەوتننامەی نێوانیان تاوتوێ دەكەن و گفتوگۆ لەبارەی چەند تەوەرێكی دیكەی تایبەت بە ھەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن.
بەپێی زانیارییەكانی كوردستان24، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یەكێتی راسپاردە و بۆچوونەكانی دوایین كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لەبارەی رێككەوتنی نێوانیان بۆ گۆڕان ئاشكرا دەكات.
لە سەرەتای ئەم ھەفتەدا 11 شوبات 2017، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە ئامادەبوونی بەبێ ئامادەبوونی دكتۆر بەرھەم جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی لە ماڵی جەلال تاڵەبانی لە دەباشان كۆبووەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان یەكێتی لە كۆبوونەوەكەدا جگە لە گفتوگۆكردن لەبارەی كێشە ناوخۆییەكانی حزبەكە، رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و رێككەوتنی ئایاری 2016 لەگەڵ گۆڕان تاوتوێكردووە.
لە 17 ئایاری 2016 یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان رێككەوتننامەیان واژووكرد، بەڵام بەگوتەی سەركردە و ھەڵوسوڕاوانی گۆڕان تا ئێستا قۆناغی یەكەمی رێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە و یەكێتی بەو ھۆیەوە تۆمەتبار دەكەن.