یەكێتی تاوتوێی نەخشە رێگاكەی دەكات
مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە و بڕیاری كۆبوونەوەی سەركردایەتییش دەدات
K24 – ھەولێر
بڕیارە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ تاوتوێكردنی نەخشە رێگاكەی كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی رابردوو كۆببێتەوە، ھەروەھا پێش دوا پەسەند، نەخشە رێگاكە دەخرێنە بەردەم ئەنجوومەنی ناوەند یەكێتی.
وەك لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەی سەرەتای ئەم ھەفتەیە ئاشكرای كردبوو، تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بریتی بوون، ھەڵسەنگاندن بۆ دواكۆبوونەوەی شاندی یەكێتی و پارتی كە كۆبوونەوەكە بە ئەرێنی وەسفكراوە، ھەروەھا لە ئاڵوگۆڕی لە پۆستە حكوومیەكانی حزبەكە لە ھەولێر و بەغدا، گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی ناخۆی حزبەكە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی شەممە 11 شوباتی 2017، لە ماڵی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی بەبێ ئامادەبوونی بەرھەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی ئەو حزبە كۆبووەوە، دوای كۆبوونەوەكەش لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد "یەكێتی بڕیاریداوە گۆڕانكاری لەپشكی پۆستەكانی حكوومەت بەراوێژ لەگەڵ حكوومەت بكرێ، هەروەها ئاڵوگۆڕ لەئۆرگانەكانی ناو یەكێتیشداو دانانی پۆستەكانی تریش لەبەغدا و هەولێردا پەسەند كرا".
كۆبوونەوەكە دوای ئەوە ھات كە بە چەندین ھەوڵی ناوخۆیی یەكێتی و دەرەوەی حزبەكە ھەردوو باڵی حزبەكە قایل كران كە پێكەوە كۆببنەوە، بەڵام بەرھەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەكەی نەكرد، ئازاد جندیانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سەركردەی دیاری باڵی ناوەندی بڕیار رۆژێك بەر لە كۆبوونەوەكە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاراستەی ھەردوو جێگرانی تاڵەبانی كرد.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوی یەكێتی ئەمڕۆ بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دیاركردووە و تێیدا ھاتبوو"رۆژی پێنج شەممەی ئاییندەش (16/2/2017) مەكتەبی سیاسی بۆ دوا تاوتوێی نەخشەرێگاكەی یەكێتی كۆدەبێتەوەو بڕیاری كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتیش، بۆ هەمان ئامانج دەدرێ. پرۆژەو بڕیارەكانیش، پێش دوا پەسەند، دەخرێنە بەردەم ئەنجوومەنی ناوەند".
ئەمە لە كاتێكدایە تا ئێستا بەرھەم ساڵح رەزامەندی دەرنەبڕیووە كە بەشداری كۆبوونەوەكە بكات.