يهكێتى: ھەندێك كادیری گۆڕان بەھانەی جیا جیا دەگرن
يهكێتى نهخشهرێگهى ئهمساڵى دادهنێت
K24 – ههولێر:
مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ جاری سێیەم لە ماوەی ھەشت رۆژدا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام دەدات و گفتوگۆ لەسەر رەشنووسی نەخشە رێگای ئەو حزبە دەکرێت بۆ روونكردنهوهی سیاسەتی یەکێتی لەھەموو بوارەکاندا.
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رايگهياند، بۆ وەڵامدانەوەی ھەندێک پڕوپاگاندە، سبەی قوباد تاڵەبانی و کۆمیتەی ھاوبەشی گۆڕان و یەکێتی کۆدەبنەوە.
گوتيشى: لهو كۆبوونهوهيهدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوهرێكی تایبەت بە پشكی پۆستە ئیدارییەكانی گۆڕان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دهكرێت.
روونیكردەوە: "ھەستمان دەكرد ھەندێك كادیری گۆڕان بەھانەی جیا جیادەگرن، بەشێوەیەك لێدوان دەدەن كە گومان ھەبێت یەكێتی لە رێككەوتننامەكە لەگەڵ گۆڕان پەشیمان بووەتەوە، ئێمە پابەندین بە رێككەوتننامەكە، ئەوەی جێبەجێنەكراوە، پەیوەندی بە كارانەبوونی پەرلەمانەوە ھەیە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیانیش لە راستی ئەو پڕوپاگەندانە تێبگەن، سبەی كۆبوونەوەیەك لە نێوان قوباد تاڵەبانی و كۆمیتەیەكی ھاوبەشی گۆڕان ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەوەی بابەتەكە زیاتر روون بكرێتەوە.
سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو: "وەك یەكێتی رەشنووسێكمان ھەیە نەخشە رێگای یەكێتی دەبێت بۆ 2017، دوای پەسندكردنی لەلایەن ئەنجوومەنی ناوەند دەبێتە بنەمای سیاسەتی یەكێتی".
ئاشكراشی كرد: "شەممەی داھاتوو جارێكی دیكە مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆدەبێتەوە، دواتر و ھەر لە ھەفتەی داھاتوو كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئەنجامبدرێت".
راشیگەیاند: لە ئایندەیەكی نزیك كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوام دەست پێدەكاتەوە".