"ژنێك له نێوان دوو هاوسه‌ر گیرده‌خوات"
دوای 27 ساڵ دابڕان، جارێكی دیكه ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
بینه‌رانی ته‌له‌ڤزیۆنه توركییه‌كان، ماوه‌ی چه‌ند مانگێك چاوه‌ڕێی كۆتاییهاتنی چیرۆكێكی رفاندنی نێودهوڵهتيیهوهن، كه ژنێك له نێوان "دوو هاوسه‌ر" گیری خواردووه، هه‌ر یه‌كێكیشیان هه‌ڵبژێرێت به واتای مردنی ئه‌وه‌ی دیكه دێت.
سه‌ره‌تای رووداوه‌كه
چیرۆكه‌كه له رۆژی 2ی ته‌ممووز/ یۆلیۆی 1990 ده‌ستپێده‌كات، كاتێك فاخیره كارا، دایكی 12 كوڕ، له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵڵای هاوسه‌ری، له شاری باتمانی توركیاوه به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی فه‌ریزه‌كانی حه‌ج، به‌ره‌و مه‌ككه گه‌شت ده‌كه‌ن, به‌ڵام ره‌وتی ژیانییان له‌وێ بۆ هه‌تا هه‌تایه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.
له ساڵی 1990، له یه‌كێك له تونێله‌كانی هاتووچۆی پیاده‌ی حاجییان، له نێوان مزگه‌وتی حه‌رام و بیابانی مینا، به‌هۆی قه‌ره‌باڵغییه‌وه، رووداوێكی پاڵپێوه‌نان له‌نێوان حاجییان رووده‌دات، كه به هۆیه‌وه نزیكه‌ی هه‌زار و 426 حاجی گیانییان له‌ده‌ستدا و 450یان تورك بوون.
له‌و رووداوه‌دا، عه‌بدوڵڵا، بریندارده‌بێت، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت له‌نێو ته‌رمه‌كان به دوای فاخیرهی هاوسه‌ریدا، ده‌گه‌ڕێت، له‌و كاته‌ی فاخیره ده‌دۆزێته‌وه، له‌سه‌ره مه‌رگدایه و له‌به‌ر خۆیه‌وه "شه‌هاده" ده‌ڵێته‌وه.
به‌ڵام ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه كاتییه، تا ئه‌و كاته‌ی تیمه‌كانی فریاگوزاری ده‌گه‌نه شوێنه‌كه و عه‌بدوڵڵا به‌ره‌و نه‌خۆشخانه ده‌گوازنه‌وه، به‌هۆیه‌وه جارێكی دیكه له‌گه‌ڵ فاخیرهی هاوسه‌ری له‌یه‌ك داده‌بڕێن، دوای وه‌رگرتنی چاره‌سه‌رییش، عه‌بدوڵڵا دووباره پرۆسه‌ی گه‌ڕان به دوای هاوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌ستپێده‌كات، هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كان ده‌گه‌ڕێت و ته‌واوی ته‌رمه‌كان سه‌یر ده‌كات، به‌ڵام ئه‌مجار بێهێوا ده‌بێت و به ناچاری به پرسه و ماته‌مه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه نیشتمانه‌كه‌ی.
سه‌ره‌داوی دۆزینه‌وه‌ی فاخیره
كاتێك كوڕه‌كانی فاخیره، بۆیه‌كه‌مجار گوێیان له ژنه دهستگێڕێكی تورك ده‌بێت، كه له مه‌ككه دیاری ده‌فرۆشرێت، هیچ گرنگییه‌كی پێ ناده‌ن.
به‌ڵام به ئاشكرابوونی ورده‌كاری ديكه، چیرۆكه‌كه بووه جێگه‌ی گرنگیپێدانی زیاتر، به‌و پێیه‌ی ئه‌و ژنه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات رفێندراوه و بۆ گه‌یشتنه‌وه به خێزانه‌كه‌ی داوای هاوكاری ده‌كات.
خێزانه‌كه‌ی كارا، پهنابهدهنه به‌ر رۆژنامه‌ی "میجی ئانلی" كه رۆژنامه‌یه‌كی بهدواداچوونییه "الاستقصائیه" و به‌رنامه‌یه‌كى تایبه‌ت له یه‌كێك له ته‌له‌ڤزیۆنه‌كانی توركیا پێشكه‌ش ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌داو و په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان ئه‌و ژنه ده‌ستگێڕه و دایكیان بدۆزێته‌وه.
به‌ڵگه‌كان كه‌ڵه‌كه‌ده‌بن، هه‌ندێك كه‌س شایه‌تی له‌سه‌ر بینینی پیاوێكی یه‌مه‌نی و ژنێكی تورك ده‌ده‌ن، درووستكردنه‌وه‌ی وێنه‌یه‌ك، بواری بۆ رۆژنامه‌كه ره‌خساند چیرۆكی فاخیره دابڕێژێته‌وه.
چۆنیه‌تی رفاندنی
ده‌سه‌ڵاتدارانی سعوودیه، پێشبینی رووداوێكی له‌و جۆره گه‌وره‌یان نه‌ده‌كرد، بۆیه خۆیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌شی ئاماده‌نه‌كردبوو، له كاتی روودانی ئه‌و پاڵنانه‌ی حاجییان و مردنی ئه‌و ژماره زۆره له‌ناو تونێلێكدا، وایكرد كارگێڕی حه‌ج، داوای هاوكاری له ته‌واوی كرێكارانی ناوچه‌كه بكات بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌یه‌كی رزگاركردنی برینداران، یاخود ئه‌وانه‌ی زیندوون و له ژێر ته‌رمه‌كان ماون، ده‌ستپێبكات.
بۆیه له‌و كاته‌ی پیاوێكی "كه‌ناس" له شوێنی رووداوه‌كه له‌گه‌ڵ ژنێكدا بینراوه، به‌ڵام پیاوه‌كه گوتوویه‌تی كه ده‌یباته نه‌خۆشخانه، له‌و كاته ناهه‌مواره‌شدا هیچ كه‌سێك بیری بۆ ئه‌وه‌ی نه‌چووه لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، یاخود گومانی دیكه‌ی لێبكات.
له راستیدا ئه‌و پیاوه، فاخیره ده‌باته ماڵێك و ماوه‌ی 6 ساڵ به‌ندی ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی منداڵی یه‌كه‌می ده‌بێت، ئینجا رێگه‌ی پێده‌دات بچێته ده‌ره‌وه، كه ئێستا 3 منداڵی له هاوسه‌ره "نوێیه‌كه‌ی" هه‌یه.
هیچ هه‌وڵێك نادات
له كۆتاییدا، فاخیره هه‌واڵی گه‌ڕان و پشكنینی نێوده‌وڵه‌تی له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه پێده‌گات، به‌ڵام هیچ شتێك ناكات بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه لای خێزانی یه‌كه‌میی.
بۆ نا؟ چونكه ئه‌و له‌نێو یاساكانی سعوودییه گیری خواردووه، ئه‌گه‌ر ماڵه نوێیه‌كه‌ی جێبهێڵێت، دووچاری یه‌كێك له‌م حاڵه‌تانه ده‌بێت:
یه‌كه‌م: ده‌بێت هه‌واڵ له‌و كه‌سه بدات كه رفاندوویه‌تی، ئه‌وه‌ش واتا سه‌پاندنی سزای له سێداره‌دان بۆ باوكی سێ منداڵه‌كه‌ی، دووه‌م: دانپێدانان به ئه‌نجامدانی "زینا" ئه‌وه‌ش به گوێره‌ی یاساكانی سعوودیه، واتا به‌ردبارانكردن تا مردن.
ده‌گوترێت ئێستا هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك و گه‌ڕانه‌وه‌ی فاخیره بۆ توركیا ده‌ستیپێكردووه، به‌بێ هه‌ڵوه‌شانه‌وه و تێكچوونی ئه‌و خێزانه‌ی كه له سعوودیه پێكیهێناوه.
سه‌رچاوه: هافینگتۆن پۆست - ده‌یلی مه‌یڵ