بەڵگەنامە: چەكدارانی داعش بیانوو بۆ راكردن لە شەڕ دەدۆزنەوە
چەكدارانی داعش بە بیانووی جیاواز سوود لە لێخۆشبوونەكان وەردەگرن بۆ ئەوەی بەشداری لە شەڕەكان نەكەن
K24 - ھەولێر
بەڵگەنامە نھێنییەكانی رێكخراوی داعش لە سوریا ئاشكرا دەكەن ژمارەیەك لە چەكدارانی، بیانوو بۆ راكردن لە شەڕ دەدۆزنەوە و بو وڵاتەكانیان دەگەڕێنەوە.
ناوەندی "صواب" شارەزای گرووپە توندرەوەكان بڵاوی كردەوە، بەڵگەنامەیەكی نھێنی چەكدارێكی داعش لە رەققە ئاشكرا بووە، كە تێیدا داوا دەكات لە شەڕ لێی خۆش ببن و بۆ فرەنسا بگەڕێتەوە.
چەكدارەكە بە ناوی "أبوصهيب الفرنسي" بیانووی ئەوەی ھێناوەتەوە كە بە دەست ژانی ھەردوو پێ و پشت دەناڵێنێت و دەیەوێت بۆ فرەنسا بگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی.
بەڵگەنامەكە لە "كتيبة طارق بن زياد" دەرچووە، لە ناوبراو "ئیدعا دەكات نەخۆشە، بەڵام راپۆرتی پزیشكی نییە".
لە مانگەكانی رابردوو بەڵگەنامەكانی ھاوشێوە لە عێراق ئاشكرا كران، كە ھەندێ لە چەكدارانی داعش سوودیان لە لێخۆشبوون وەرگرتووە، بۆ ئەوەی بەشداری لە شەڕەكان نەكەن.
بە پێی ھەواڵێكی دەیلی مەیل، ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەڵەتی بەڵگەنامەكانی كەتیبەی "تارق بن زیاد" لە رێكخراوی داعشیان دۆزیوەتەوە، كە ئاشكرا دەكەن بە چەندین ھۆكار لە چەكدارانی خۆش دەبێت و رێگەیان پێ دەدات بۆ وڵاتەكانیان بگەڕێنەوە، لەوانە بە ھۆی برینداری، یان حەزكردن لە گواستنەوە بۆ ناوچەیەكی دیاریكراو.
ئەم لێخۆش بوونەی رێكخراوی داعش لە چەكدارانی لە "ديوان الجند" دەردەچێت، بۆ نموونە چەكدارێك بە ناوی " أبا وائل السويسري" بەھۆی گرژبوونی ماسولەكانی لاقی نایەوێت بەشداری لە شەڕەكان بكات.
رێكخراوی داعش لە چەكدارێكی تر بە ناسناوی " أبي إدريس الكوسوفي" خۆش بووە بەھۆی حەزكردن لە گواستنەوەی بۆ سوریا، كە نەخۆشی مێشكی ھەیە.
بەجیھێشتنی ریزەكانی داعش لە لایەن چەكدارانی بە بیانووی جیاواز ھاوكاتە لەگەڵ زۆربوونی زیانەكانی، لەوانە لە موسڵ، باب و دەوروبەری رەققە.
سەرچاوە: skynews
JS