رێكکەوتنى نه‌وتی عێراق و ئێران بە سیاسەتی بەتاڵانبردنی نەوتی كه‌ركووك ده‌زانرێت

كه‌ركووكییه‌كان داوا ده‌كه‌ن نه‌وتی شاره‌كه‌یان له‌ رێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌بكرێت

K24 - كه‌ركووك:

رێكکەوتنە نەوتییەکەی نێوان عێراق و ئێران جگە لەوەی لە ئاستی ئیدارەو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە رەخنەی توندی لێگیراو رەتکرایەوە, ھاووڵاتیان و فەرمانبەرانی کەرکووکیش دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ دەنگی ئیدارەی کەرکووک و رێکكەوتنەکە بە سیاسەتی پشتگوێ خستن و بەتاڵانبردنی نەوتی شارەکەیان دەزانن, داواش دەکەن ھەناردەی نەوتی کەرکووك بەھەماھەنگی لەگەڵ بەرپرسانی کەرکووك و لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بێت.

مامۆستا نيشتمان و مامۆستا مەجید, دوو فەرمانبەری سەر بە میلاکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن و پێکەوە بۆ وەرگرتنی مووچە دەچن, لە چەند رۆژی رابردووشدا وەجبەی دوومی پارەی پترۆدۆلارییان وەرگرتووە کە مانگانە لەرێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەدرێتە کەرکووك, ئەوان نیگەرانن لە رێکكەوتنە نەوتییەکەی نێوان بەغداو تاران و داوادەکەن نەوتی کەرکوك تەنیا لە رێگەی ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە بکرێت.

جگە لە فەرمانبەر و مامۆستایان, لە ئاستی شەقامیشدا ھەناردەی نەوتی کەرکووك بۆ ئێران رەتدەکرێتەوە, ھاووڵاتیان پێیانوایە مەبەستی حکوومەتی عێراق بێبەشکردنی ھاووڵاتیانی کەرکووکە لە داھاتی شارەکەیان کە لە رابردووشدا سیاسەتی پشتگوێخستنی کەرکووکییه‌كان پەیڕەو کردووە.

لە چەند رۆژی رابردوودا ھەردوو حکوومەتی عێراق و ئێران بە بێ گەڕانەوە بۆ ئیدارەی کەرکووك رێکكەوتنێکی نەوتییان ئیمزاکرد و بە پێی رێکكەوتنەکەش نەوتی کەرکووك لە رێگەی بۆڕییەوە بۆ وڵاتی ئێران ھەناردە دەکرێت, ئەمەش کاردانەوەی تووندی ئیدارەو ئەنجوومەنی پارێزگای کەەرکوکی لێکەوتەوە.