ئەمریكا چەكی قورس بۆ ھێزەكانی سوریای دیموكرات دەنێرێت

فەرماندەی ھێزەكانی ئەمریكا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست جەنەراڵ جوزێف ڤۆتێل لە رۆژئاوای كوردستان بووە

K24 - ھەولێر

فەرماندەی ھێزەكانی ئەمریكا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست جەنەراڵ جوزێف ڤۆتێل بە نھێنی سەردانی رۆژئاوای كوردستانی كرد و لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی ھێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبووەوە.

تەڵال سلۆ گوتەبێژی ھێزەكانی سووریا دیموكراتیک  لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24 رایگەیاند جەنەراڵ جۆزێف ڤۆتێل  فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی ئەمریكا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە سووریایە، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی سووریای دیموكراتیک بەسەر كردووەتەوە و چەند دیدارێكی لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكان سازكردووە. پاڵپشتی ئەمریكاشی بۆ ھێزەكانی سوریای دیموكراتیک دووپات كردووەتەوە.

لەبارەی ناورۆكی دیدارەكان، تەلال سلۆ گوتی باسی ھاوكاری وكاری ھاوبەشی نێوان ھێزەكانیان و ئەمریكا كراوە و لەبارەی پێشكەوتنەكانی ئۆپەراسیۆنی توورەیی فورات دیدارەكانیش ئەنجامیان هەبووە.

 

لە لایەكی ترەوە، ئاژانسی فرانس پرێسی لە زاری گوتەبێژەكەی ھێزەكانی سووریا دیموكراتیک بڵاوی كردەوە لە بارەی بەرزكردنەوەی ئاستی ھەماھەنگی و یارمەتییەكانی ئەمریكا بۆ ھێزەكانی سوریای دیموكرات لە سەردەمی ترەمپ باس و گفتگۆیان لەگەڵ جەنەرال جۆزێف كرد و بەڵێنشیدا لە ئایندەدا چەكی قورس بۆ ھێزەكانیان بنێرێت، كە بۆ ماوەی چوار كاتژمێر لەگەڵیان بووە.

سەرچاوەیەك لە ھێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند "ڤۆتێل پابەندبوونی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پیشاندا بۆ پاراستنی شاری منبج لە ھەر جورە ھێرشێك لە لایەن توركیا یان گروپەكانی پشتیوانی، وەك بەشێك لە پابەندبوونی بۆ پاراستنی ناوچەكە".

گوتیشی "باسیان لە كردنەوەی رێڕەوێك نەكردووە بۆ ئەو ھێزانەی لە لایەن توركیاوە پشتگیری دەكرێن، بۆ ئەوەی بھێنە ناو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ھێزەكانی سوریای دیموكرات."

پێنتاگۆن ھێشتا ھیشتا لێدوانێكی لە بارەی سەردانی جەنەراڵ ڤۆتێل بە رۆژئاوای كوردستان نەداوە.

 

جەنەراڵ ڤۆتێل لە مانگی ئایاری 2016 سەردانێكی ھاوشێوەی بۆ رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدابوو، بەڵام ئەوە بە یەكەم سەردانی لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ ئەژمار دەكرێت.

پەیامنێری كوردستان24  رایگەیاند، شەوی رابردوو ھێزەكانی سووریای دیموكراتیک توانیویانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی فورات گوندی ئەبوخەشەب كۆنتۆۆڵ بكەن.

ھێزەكانی سووریای دیموكراتیک میحوه‌ری‌ چواره‌می‌ شه‌ڕی له‌ دژی‌ داعش له‌ گوندی‌ خربه‌ ملها‌ كرده‌وه ‌و توانیان سێ كێڵگه‌ رزگار بكه‌ن و نزیكه‌ی‌ حه‌وت كیلۆمه‌تر پێشڕه‌وی‌ بكه‌ن.

ئۆپەراسیۆنی "توڕەیی فورات" رۆژی 5 تشرینی دووەمی 2016 دەستیپێكرد و ھێزەكانی سوریای دیموكرات بە پشتیوانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە سێ قوناغی ئۆپەراسیۆنەكە چەندین ناوچەیان لە دەوروبەری شاری رەققەی پایتەختی دیفاكتۆی داعش كۆنترۆڵ كرد و لە ھەندێ شوێن 10 كیلۆمەترێك نزیكی شارەكە بوونەتەوە.

ھەر لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی رەققە، ھێزەكانی سوریای دیموكرات بۆ یەكەمجار چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر.

ڤۆتێل رۆژی چوارشەممەی رابردوو بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند لە وانەیە پێویستی بە رەوانەكردنی سەربازی زیاتری ئەمریكا بۆ سوریا ھەبێت. بەڵام ھێزە لۆكاڵییەكان ھێزی سەرەكی دەبن.

JS