ئۆپۆزيسيۆنى سووريا: ئێران سهرچاوهى كێشهكانه
تاران: ئێمە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و لەسەر داوای حکوومەتەکانی سووریا و عێراق لەو وڵاتانە بەشدارین .
K24 – ههولێر:
ناسر ئەلحەریری، سەرۆکی شاندی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە جنێف رايگهياند، تا ئەمڕۆ گەورەترین رێگر لەبەردەم گەیشتن بە رێککەوتنی سیاسی لە ناوچەکەدا ئێرانە، کە بە هەموو شێوەیەکی سیاسی و سەربازی و مەدەنى و مرۆیی و ئەمنی لە سووریایە و ئەو هەلەی قۆستووەتەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی.
گوتيشى: ئێران بە هەزاران کەسی بەکرێگیراوی لە هەموو جیهانەوە هێناوە و لە سووریا درهەم و دۆلاریان دەداتێ و شەڕیان پێدەکات ئێمەش هاتووین بەرگری لە کەسانێک بکەین کە قوربانی دەستی ئێرانن کەسانێک کە چەندین مانگ و چەندین رۆژە نەک هەر نانیان نییە، بەڵکو منداڵەکانیشیان بۆنی شیریان نەکردووە. بۆیە هەوڵێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتی پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە دەستتێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا.
له بهرامبهردا، عەلائەددین بروجردی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلهمانی ئێران رايگهياند، ئێمە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا و لەسەر داوای حکوومەتەکانی سووریا و عێراق لەو وڵاتانە بەشدارین و بەشداریشمان سەربازی نییە و تەنیا راوێژکارییە. ئێمە بە گوێرەی ئەو ئەزموونانەی لە شەڕ و ئەو قەیرانانەش کە پێشتر بەسەر وڵاتەکەماندا سەپابوو هەمانە، لە سەر داوای هاوڕێیانمان ئەزموونەکانمان دەخەینە خزمەت ئەوان و ئەوەش کاریگەریی هەبوو لەسەر ئەوەی ستراتيژیی ئەمریکا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان تووشی شکست بێ و خۆشیان دانی پێدا دەنێن کە شکستیان خواردووە.