هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له توركیا شۆڤینیسته توركه‌كان تووڕه‌ده‌كات
"هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له‌كاتێكدایه ئه‌ردۆغان پێویستی به ده‌نگی توركه توندڕه‌وه‌كانه"
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ڵدانی ئاڵای كوردستان له كاتى پێشوازیكردن له مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتوركی شاری ئیستانبول و فڕۆكه‌خانه‌ی ئـێسین بوگا له‌ئه‌نقه‌ره، كاردانه‌وه‌ی جیاوازی له ناوخۆی توركیا، به‌دوای خۆیدا هێناوه و ئه‌م كاره شۆڤینیسته توركه‌كانی تووڕه‌كردووه.
لای خۆیه‌وه ده‌وڵه‌ت باهچه‌لی، سه‌رۆكی پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا، هێرشێكی توندی كرده سه‌ر ئاكپارتی و گوتی: "كێ رێگه‌ی به‌وه‌داوه ئه‌و به‌ناو ئاڵایه هه‌ڵبدرێت، به راستی شه‌رمه‌زاری و سكانداڵێكی گه‌وره‌بوو".

ئه‌و هێرشانه‌ی باهچه‌لی بۆ سه‌ر ئاكپارتی له‌كاتێكدایه، ئه‌و دوو پارته رێككه‌وتنێكیان هه‌یه بۆ گۆڕینی ده‌ستووری توركیا و ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا، پێویستییه‌كی زۆری به ده‌نگی توركه توندڕه‌وه‌كان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی ریفراندۆم و خستنه ده‌نگدانی ده‌ستووری نوێ، له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان كۆتایی پێ بێت.
وه‌ك سایتی حووڕییهت ده‌یلی نیوزی توركی بڵاویكردووه‌ته‌وه، باهچه‌لی گوتوویه‌تی: "هه‌ڵدانی ئاڵای پێشمه‌رگه شه‌رمه و ئه‌م كاره سووكایه‌تیكردنه به گه‌لی تورك".

سايتى حووڕییهتیش بڵاویكردووه‌ته‌وه، بن عه‌لی یه‌ڵدریم، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا، له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی، به‌رگری له هه‌ڵدانی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان كردووه و رایگه‌یاندووه، هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی له ده‌ستووری عێراق دانی پێدانراوه و ئاڵای خۆی هه‌یه.
له كاتی قسه‌كردنیشیدا له په‌رله‌مان، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له جیاتی ئه‌وه‌ی بڵێت باكوور عێراق، گوتی: "باكووری كوردستان".
.jpg)
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دوای به‌شداریكردنی له كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له فرانسوا هۆلاند، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا كرد و دواتریش به سه‌ردانێكی دوو رۆژه گه‌یشته توركیا و له رێوڕه‌سمی پێشوازیكردنهكهشیدا، ئاڵای كوردستان له ته‌ك ئاڵای هه‌ریه‌ك له وڵاتانی توركیا و عێراق، له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌تاتوركی ئیستانبول هه‌ڵدرابوو.
پێشوازیكردن له سه‌رۆك بارزانی به‌م شێوه‌یه، ناڕه‌زایی توركه توندڕه و شۆڤێنیسته‌كانی به‌دوای خۆیدا هێناوه.