ھەدەپە دروشم و موزیكی خۆی بۆ ریفراندۆم بڵاوكردەوە

لە دروشمەكەیدا پێداگری لەسەر نەتەوەی دیموكراتیك و رەتكردنەوەی یەك زمانی و یەك نەتەوەیی دەكات

K24 - ھەولێر

لایەنە سیاسییەكانی توركیا كەمپینی خۆیان بۆ ریفراندۆمی ھەمواركردنەوەی دەستوور دەستیان پێكرد، كە بريارە رۆژی 16 نیسانی داھاتوو ئەنجام بدرێت.

ھەدەپە لە شارەكانی ئامەد، ئیستانبوڵ و ئیزمیر بەپێی بەرچاوگرتنی خواستی ناوچەكان دروشمی خۆی بە توركی، كوردی، ئەرمەنی، سریانی و عەرەبی خستەڕوو، كە بە "نا" دەنگ بە ریفراندۆمی دەستوور دەدات.

پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار وەك یەكەم حزب لە میتینگیكی گەورە بە ئامادەبوونی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئاكپارتی بینالی یڵدرم كەمپینەكەی بۆ ریفراندۆم دەستوور دەستیپێكرد.

ھەفتەیەك دواتر پارتی دیموكراتیكی گەلان – ھەدەپە دروشم و موزیكی خۆی بۆ ریفراندۆم بە جیا بە ھەردوو زمانی كوردی و توركی بڵاوكردەوە و بە شێوەیەكی گشتی ئاماژە بە دەستەواژەكانی رەتكردنەوەی یەك زمانی و یەك نەتەوەیی دەكات و پێداگریشی لەسەر نەتەوەی دیموكرات دەكات، بەڵام راستەوخۆ ھیچ ئاماژەیەك بە خودی زمانی كوردی ناكات.

ھێشتا دوو پارتی دیكەی ناو پەرلەمانی توركیا كەمپەینەكانیان دەستپێنەكردووە، كە پارتی كۆماری گەل ـ جەھەپە ركابەری سەرەكی ئاكەپەیە بۆ رەتكردنەوەی دەستوور. ھەروەھا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ مەھەپە، كە بە ھاوبەشی لەگەڵ ئاكپارتی پرۆژەی ھەمواركردنەوەی دەستووری ئامادە كرد، بێ دەنگی نواندووە.

بە پێی راپرسییەكان زۆربەی ھەرە زۆری جەماوەری مەھەپە دژی ریفراندۆمی دەستوورن و تا ئێستا دوو پەرلەمانتاریان دەستیان لەو حزبە كشاوەتەوە و ھۆشداریش دراوەتە چەندین پەرلەمانتار.

 

پرۆژەی ھەمواركردنەوەی 18 مادەی دەستوور بە ھاوبەشیی ھەر یەك لە پارتی دەسەڵاتداری توركیا داد و گەشەپێدان ـ ئاكپارتی و پارتی ئۆپۆزسیۆنی بزووتنەوەی نەتەوەیی ـ مەھەپە ئامادە كرا و رۆژی 20 كانوونی دووەمی رابردوو بە دەنگی پەرلەمانتارانی ھەردوولا پەسندكرا.

ھەدەپە پێشتر رایگەیاندبوو بە درووشمی "بۆ كۆماری دیموكراتیك و وڵاتی ھاوبەش نا!" بەشداری لە ریفراندۆمی ھەمواركردنەوەی دەستووری توركیا دەكات.

سەرۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی 10 شوباتی رابردوو یاسای ھەمواركردنەوەی دەستووری ئیمزا كرد و بۆ حكومەتی نارد و رۆژی 16 نیسانی داھاتوو دەخرێتە بەر دەنگدانی گشتی.

دانیشتنەكانی پەرلەمانی توركیا بۆ ھەموار كردنەوەی دەستوور چەندین شەڕە قسە و شەڕی دەستەویەخە لێكەوتەوە، كە دواترینیان شەڕی دەستەویەخەی ژنە پەرلەمانتاران بوو.

ھەر لەم شەڕەدا دوو ژنە پەرلەمانتار كەوتنە خوارەوە، پاش ئەوەی ژنە پەرلەمانتەرێكی بێ لایەن بۆ دەربڕینی نارەزایەتیی خۆی بەرامبەر ھەمواركردنەوەی دەستوور دەستەكانی بەو مێزەوە كەلەپچە كرد كە بۆ پێشكەشكردنی لێدوان و گوتار دانراوە.

بە پێی ئەو راپرسیانەی كراون، زۆربەی دەنگدەرانی توركیا بە جیاوازییەكی كەمەوە بە "نا" دەنگ بە ھەمواركردنەوەی دەستوور دەدەن.

JS