ئەمریكا ناردنی ھێز بۆ منبج پشتڕاست دەكاتەوە

زرێپۆشەكانی لە باكوور منبج بڵاوە پێكردووە

K24 - ھەولێر

گوتەبێژێكی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش ناردنی ھێزی سەربازیی ئەمریكا بۆ منبج پشتڕاست كردەوە.

پاش  رێكەوتنێكی نێوان  ئەنجومەنی سەربازی منبج سەر بە ھێزەكانی سوریای دیموكرات و ھێزەكانی رژێم بە سەرپەرشتی روسیا بۆ رادەستكردنی ھەندێ گوند لە رۆژئاوای منبج، ھەوڵی رەوانەكردنی ھێزێكی زرێپۆشی ئەمریكا بۆ ناوچەكانی باكووری منبج بڵاوبووە.

رەوانەكردنی ئەم ھێزە ھاوكاتە لەگەڵ گەیشتنی زرێپۆشی رژێم و روسیا بۆ منبج كە پاسەوانی كاروانێكی یارمەتی مرۆییان دەكرد.

كۆلۆنێل جۆن دۆریان لە تویتێكدا بڵاوی كردەوە "ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوخۆ و دەوروبەری منبج چالاكن لە وتەی ھاوینی 2016، ئەوكاتەی كە لە داعش رزگاركرا".

ھەر لەمبارەوە دەڵێت "بوونی ھێزەكانیان لە دەوروبەری منبج زیاتر كردووە بۆ پێشیگرتن بە كردەوەی دوژمنكارانە، بەھێزتر كردنی كۆنترۆڵ و دڵنیابوون لەوەی كە یەپەگە لەوێ بوونی نییە".

ئەنجومەنی سەربازی منبج سەر بە ھێزەكانی سوریا دیموكرات بۆ خۆپاراستن لە شەڕ لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا، ھەندێ گوند لە رۆژئاوای منبج رادەستی ھێزەكانی حكومەتی سوریای كرد، بەتایبەتی ئەو گوندانەی لە ماوەكانی رابردوو گۆڕەپانی شەڕ و پێكدادان بوون.

گوتەبیژی پنتاگۆن جێف دەیڤیس لەمبارەوە گوتی "ئەوان پێشتر ئاگاداری ھیچ رێککەوتنێک نەبوون لە نێوان ئەنجومەنی سەربازیی منبج کە سەر بە ھێزەکانی سوریای دیموکراتە لەگەڵ ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد".

گوتیشی "ھەستمان بەوە کرد لەگەڵ کاروانی ھاوکاری مرۆیی بۆ منبج کە لەلایەن رژێمی سووریا و رووسیا دابینکراوە، ئۆتۆمبێڵی زریپۆشیش ھەیە".

رێككەوتنی نێوان ئەنجومەنی سەربازی منبج و ھێزەكانی رژێم پاش ئەوە ھات كە گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نزیك لە توركیا بەرەو شاری منبج جوڵەیان پێكرا و توركیاش لە لایەن خۆیەوە ھۆشداریدا ئەگەر یەپەگە لە منبج نەكشێتەوە ھێرش دەكەینە سەری.

JS