ئامۆزای بەغدادی دەستگیركرا
ھێزەكانی عێراق ھەوڵی كۆنترۆڵكردنی بینا حكومییەكان دەدەن
K24 - ھەولێر
ھێزەكانی عێراق ئامۆزای ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی داعش لە گەڕەكی جەوسەقی رۆژئاوای موسڵ دەستگیر دەكەن.
وێنەی پیاوێك بە ریشێكی سور و بە قۆڵبەستكراوی لەناو ھێزە ئەمنییەكان دەبینرێت كە رۆژی ھەینیی رابردوو لە لایەن ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ دەستگیر كرا.
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق، ئامۆزای بەغدادی پاش "زانیارییەكی وردی ھەواڵگری دەستگیركرا" و راشیانگەیاند "بە ھۆكاری ئەمنی و لێكۆڵینەوە بۆ شوێنێكی نادیار گواسراوەتەوە".
ھێزەكانی عێراق دووشەممەی ھەفتەی رابردوو گەڕەكی جەوسەقیان كۆنترۆڵ كرد و بە گوتەی فەرماندی ھێزەكانی بەرپەچدانەوەی خێرا 50 چەكداری داعش لە شەڕی كۆنتۆڵكردنەوەی ئەم گەڕەكە كوژران.
ئۆپەراسیۆنی رۆژئاوای موسڵ رۆژی 19 شوباتی 2017 دەستیپێكرد و ھەر یەك لە ھێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵ و حەشدی شەعبی بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رۆژئاوای مووسڵ دەكەن.
ھێزەكانی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە ھێرشیان كردە سەر گەڕەكی دەواسە لە رۆژئاوای موسڵ كە بینا حكومییەكان لەم گەڕەكە ھەڵكەوتوون.
ھەر ئەمڕۆ ھێزەكانی پۆلیسی فیدراڵ چوونەتە ناو گەڕەكی نەبی شیت و 300 مەتر لەناو ئەم گەڕەكە پێشڕەییان كرد.
فڕۆكەكانی ھاوپەیمانان بەشداری لە شەڕی كۆنترۆڵكردنی ھەردوو گەڕەك دەكەن.
رۆژئاوای مووسڵ زیاتر لە 35 گەڕەك لە خۆ دەگرێت و 40% شارەكە پێكدەھێنێت و پێشبینی دەكرێت 650 ھەزار كەس لەو بەشەی شارەكە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بن.
پۆلیسی فیدراڵ رۆژی 24 شوباتی 2017 كۆنتڕۆڵكردنی فڕۆكەخانەی موسڵی لە باشووری بەری رۆژئاوای موسڵ راگەیاند، كە رۆژی پێشتر بنكەی سەربازی غەزلانیان كۆنترۆڵكردبوو.
ئۆپهراسیۆنی كۆنترۆڵكردنهوهی مووسڵ رۆژی17 تشرینی یهكهمی 2016 به بهشداری 100 ههزار كهس له هێزهكانی عێراقی و كوردستانی دهستیپێكرد، پاش ئەوەی بەشێكی زۆری ناوچەكانی دەوروبەری مووسڵ لە لایەن پێشمەرگە كۆنترۆڵكران، دوای زیاتر لە سێ مانگ دژە تیرۆری عێراق كۆنترۆڵكردنی رۆژھەڵاتی شارەكەی راگەیاند.
مانگی نیسانی 2015 ھەواڵی كوژرانی یەكێ لە ئامۆزاكانی بەغدای لە كردەوەیەكی خۆكوژی لە نزیك پاڵاوتگەی بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین بڵاو كرایەوە كە تەمەنی نەدەگەیشتە 16 ساڵ.
لە ماوەكانی رابردوو، بە تایبەتە دوای شكست و پاشەكشەی داعش، چەندین جار ھەواڵی كوژران یان برینداربوونی بەغدادی لە شوێنە جیاوازەكان بڵاوكرایەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ یەك لەو ھەواڵانە پشتڕاست نەكراونەتەوە.
JS