هێرشبه‌رێكی ئیتاڵی سه‌رنجی چه‌ندان یانه‌ی گه‌وره‌ی راكێشاوه‌

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ی 2017، زۆرینه‌ی یانه‌كان چاویان خستۆته‌ سه‌ر ئاندریا بیلۆتی هێرشبەری لاوی یانەی تۆرینۆی ئیتاڵی كه‌ به‌ تۆمارکردنی ٢٢ گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی سێریا ئەی گرتووە.

 ئاندریا بیلۆتی ته‌مه‌ن ٢٣ ساڵ هەفتە لە دوای هەفتە بە گۆڵەکانی سەرنجی زیاتری میدیاکان و هاندەران بۆ لای خۆی رادەکێشێت.

بیلۆتی سەرەتای ئەم هەفتەیە دوای ١٧ ساڵ خێراترین هاتریکی تۆمارکرد و لە ماوەی ٨ خولەکدا سەرکەوتنی بۆ یانەی تۆرینۆ بەدەستهێنا و دووەم هاتریکی خۆی لەم وەرزە بەدەستهێنا.

چەند ساڵێکە خولی ئیتاڵی بووەتە خولی پیرەکان و هیچ هێرشبەرێکی گەنج لە ریزی پێشەوەی گۆڵکارانی خولەکە نابینرێت، بەڵام بیلۆتی ٢٣ ساڵان خەریکە لە سێریا ئەی بەسەر پیرەکاندا زاڵ دەبێت و بە کۆکردنەوەی ٢٢ گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولەکەی گرتووە.

بیلۆتی لەم وەرزە لە ٢٤ یاریی تۆرینۆ بەشداریی کردووە و جگە لەوەی ٢٢ گۆڵی بۆ تۆرینۆ تۆمارکردووە، چوار گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە و رۆڵی لە نیوەی گۆڵەکانی ئەم وەرزەی یانەکەی هەبووە و تۆرینۆ بە کۆکردنەوەی ٣٩ خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت.

بیلۆتی چاوی یانەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی و ئارسێناڵ و چێڵسی ئینگلیزی لەسەرە، بەڵام بەگوتەی ئۆربانۆ کایرۆی سەرۆکی یانەی تۆرینۆ و میهایلۆڤیچی راهێنەری یانەکە نرخی بیلۆتی لە ١٠٠ ملیۆن یۆرۆ زیاترە.

بیلۆتی هیوایەکی دیکەی ئیتاڵییەکانە بۆ ئەوەی خوێنی تازە بەبەر ئازۆر بێتەوە، کە بیلۆتی ساڵی رابردوو بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی کرا و لە 5 یاری 3 گۆڵی بۆ ئیتاڵیا تۆمارکردووە.