پاش شەڕی دووەمی جیھانی تەنیا لە كوردستان بە یەك دەگەن

دوای زیاتر لە نیو سەدە ھێزەكانی ئەمریكا و روسیا لە خاكی كوردستان بە یەك دەگەن

K24 - ھەولێر

پاش شەڕی دووەمی جیھانی بۆ یەكەمجار ھێزە ركابەرەكانی ئەمریكا و روسیا لە شوێنێك دەبینرێن و خاكی كوردستان دوای زیاتر لە نێو سەدە دەبێتە شوێنی بە یەك گەیشتنی ھەردوو ھێزی باڵادەستی جیھانی.

رۆژنامەی تایمزی بریتانی بڵاوی كردەوە چەند رۆژێك پاش بڵاوبوونەوەی وێنەی زرێپۆشەكانی ئەمریكا لە منبج، وێنەی زرێپۆشەكانی روسیا لەم شارە بڵاوكرایەوە، كە لەكاتی پاسەوانیكردنی كاروانێكی یارمەتی مرۆیی گەیشتنە منبج.

وێنەی زرێپۆشەكانی ھێزەكانی ئەمریكا و روسیا لە منبج لە لەلایەن ھێزەكانی سوریای دیموكراتیك بڵاوكرایەوە و ھاوكاتە لەگەڵ كۆبوونەوەی فەرماندە ھێزە چەكدارەكانی ئەمریكا، روسیا و توركیا لەسەر داوای ئەنقەرە بۆ تاوتوێكردنی شەڕی ناوخۆیی سوریا، بەتایبەتی پرسی منبج، كە ھەموو لایەنێك چاوی لەسەرە.

پاش رێكەوتنی نێوان ئەنجومەنی سەربازی منبج سەر بە ھێزەكانی سوریای دیموكراتیك و ھێزەكانی رژێم بە سەرپەرشتی روسیا بۆ رادەستكردنی ھەندێ گوند لە رۆژئاوای منبج، ھێزێكی زرێپۆشی ئەمریكا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی داعش لە ناوچەكانی باكووری منبج بڵاوبووە.

ھەر پاش ئەو ئەو رێكەوتنە، زرێپوشەكانی ھێزەكانی روسیا و سوریا بە پاسەوانیكردنی كاروانێكی یارمەتی مرۆیی گەیشتنە منبج، ھەر ئەوكات پنتاگۆن گەیشتنی زرێپۆشەكانی روسیا بۆ منبج پشتڕاستكردەوە.

لە لایەكی ترەوە ھێزەكانی رژێم لە رۆژھەڵاتی حەلەب لە ناوچەی "خفسە"ی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی حەلەب بەرامبەر چەكدارانی داعش پێشڕەوییان كرد و لە باشووری منبج گەیشتنە سنووری ھێزەكانی سوریای دیموكراتیك، كە كۆنترۆڵی شارەكەیان لە ژێر دەست دایە.

پاش ئەوەی ھێزەكانی ئەمریكا لە باكووری منبج بڵاوەیان پێكرا و ھێزەكانی روسیا و ھێزی پاسەوانی سنووری رژێم لە رۆژئاوای منبج كەوتنە نێوان ھێزەكانی سوریای دیموكراتیك و ھێزكانی قەڵغانی فورات، بەرپرسانی توركیا تۆنی دەنگەكەیان بەرامبەر منبج گۆڕی.

سەرۆك وەزیرانی توركیا بینالی یڵدرم لە دوایین لێدوانی لە بارەی منبج گوتی "بێ هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنه‌كه‌ هیچ مانایه‌كی نییه‌، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ رووداوەکان ئاڵۆزتر بن. بۆ ئەمەش ئێستا لەسەر ئاستی سەربازیی و تەکنیکی کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت". لە كاتێكدا پێشتر بەرپرسانی لایەنی ئەمریكییان ئاگادار كردبووە، ئەگەر ھێزەكانی سوریای دیمموكرات لە منبج نەكشێنەوە، ئەوا توركیا  دەست بە ئۆپەراسیۆنی منبج دەكات.

 JS