برازاكه‌ی سه‌رۆكی كۆریای باكوور ده‌رده‌كه‌وێت
دوای كوژرانی باوكی وه‌ك "ركابه‌ری ده‌سه‌ڵاتی مامی ده‌بینرێت"
K24 - هه‌ولێر:
له یه‌كه‌م لێدوانی ئاشكرادا، كه له‌سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی یوتیوب بڵاوكراوه‌ته‌وه، كوڕه‌كه‌ی (كیم جۆنگ نام) زربرای سه‌رۆكی كۆریای باكوور كه له مالیزیا كوژرا ده‌رده‌كه‌وێت.
ئاژانسی هه‌واڵگری كۆریای باشوور رایگه‌یاند" ئه‌و گه‌نجه‌ی له ڤیدیۆكه‌دا ده‌ركه‌وتووه، كیم هان سولی كوڕی كیم جۆنگ نامه، كه له فڕۆكه‌خانه‌ی كوالالامپووری نێوده‌وڵه‌تی به‌هۆی رشاندنی ماده‌یه‌كی ژه‌هراوی به ده‌م و چاویدا كوژرا و كوڕه‌كه‌شی ده‌ڵێت، پیۆنگ یانگ له پشت ئه‌و كاره‌وه‌یه.
گرووپێكی نه‌ناسراو كه ناوی " شیولیما سیڤیل دیڤانس" واتا (شیولیما بۆ به‌رگری له سڤیله‌كان) یان له خۆیان ناوه، ڤیدیۆكه‌یان له‌سه‌ر یوتیوب بڵاوكردووه‌ته‌وه
ئاژانسی هه‌واڵگری كۆریای باشوور له‌سه‌ر زاری گوتهبێژهكهیانهوه ره‌تیكردووه‌ته‌وه هیچ زانیارییه‌كی زیاتر ده‌رباره‌ی جێگاكه‌ی و ئه‌و گرووپه رابگه‌یه‌نێت.
ئه‌و گه‌نجه له ڤیدیۆكه‌دا به زمانی ئینگلیزی قسه‌ده‌كات و ده‌ڵێت:" من ناوم "كیم هان سول"ه له كۆریای باكوور و له خێزانی كیم، باوكم پێش چه‌ند رۆژێك كوژرا، من ئێستا له‌گه‌ڵ دایك و خوشكه‌كه‌مم، ئێمه زۆر سوپاسگوزارین".
كیم هان پاسپۆرته دیپلۆماسیهكهشی نیشان ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی ناسنامه‌كه‌ی بسه‌لمێنێت، به‌ڵام ئه‌و په‌ڕه‌ی هه‌موو ورده‌كاری و زانیارییه‌كانی تێدایه، شاردراوه‌ته‌وه.
له گرته‌یه‌كدا كه ماوه‌كه‌ی ته‌نها 40 چركه‌یه، سول ده‌ڵێت" به‌م زووانه بارودۆخه‌كه باش ده‌بێت".
كیم هان سول ته‌مه‌نی 21 ساڵانه، په‌یمانگای زانسته سیاسییه‌كانی له پاریس ته‌واوكردووه، له‌گه‌ڵ باوكی‌دا له ماكاو ژیاوه، ئه‌وێ ناوچه‌یه‌كی كارگێڕیی چینییه، دوای كوژرانی باوكی، له‌گه‌ل دایك و خوشكه‌كه‌یدا خۆیان شاردووه‌ته‌وه.
به‌هۆی پێگه‌ی خێزانه‌كه‌یه‌وه وه‌ك ركابه‌ری رژێمی كۆریای باكوور ئه‌ژمارده‌كرێت، ئه‌و رژێمه سهركوتكهرهی كیم جۆنگ ئونی مامی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات
لای خۆیانه‌وه گرووپی " شیولیما سیڤیل دیڤانس" رایانگه‌یاندووه" ئه‌وان پارێزگاری له خێزانی كیم جۆنگ نام ده‌كه‌ن.