23 ژنە چالاكوانی سیاسی كورد لە زیندانەكانی ئێراندان

ژماره‌یه‌كییان زیندانی تاهه‌تاییان به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

ماڵپەری ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤی رۆژھەڵاتی كوردستان لەگەڵ رۆژی جیھانی 8ی مارس، راپۆرتێكی بڵاوكردووه‌تەوە كە تێیدا دەریدەخات، 23 چالاكوانی سیاسی ژنی كورد لە گرتووخانەكانی ئێراندا دەسبەسەر كراون.

لەو رێژەیە دوو كەسیان سزای زیندانی تاھەتاییان بەسەردا سه‌پێندراوه‌ و 14 كچ و ژنی كوردی دیكەش سزای زیاتر لە 105 ساڵیان بۆ بڕاوەتەوە.

ھەنگاو بۆ پرسی مافی مرۆڤ ھەروەھا تیشكی خستووه‌تە سەر 7 چالاكی سیاسی دیكەی ژن كە ماوەیەكی زۆرە بەندكراون بەڵام تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.

ھەروەھا ئاماژە بەوەدراوە، ساڵی رابردوو جگە لەوەی 7 ژنی كورد سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپاوە، لانیكەم 25 ژنی دیكەش بۆ ناوەندی ئیتڵاعات بە مەبەستی لێپێچینەوە لێیان بانگكراون.