رێككەوتننامەی 11 ئادار دوای 47 ساڵ

دوای پێنج ساڵ رێككەوتننامەی جەزایری لێكەوتەوە

K24 - ھەولێر

47 ساڵ بەر لە ئیستا لە ساڵی 1970 بۆ یەكەمجار لە مێژوەكەیدا دەوڵەتی ئەوسای عێراق بە فەرمی دانی بە مافەكانی كورد نا و بڕیاریدا ئۆتۆنۆمی بە كورد بدات، كە خواستێكی سەرەكی شۆڕشی ئەیلول و سەركردایەتییەكەی بوو.

رێككەوتننامەی 11 ئادار بە دستكەوتێكی بێ وێنە لە مێژووی سیاسیی خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورد بە رێبەرایەتی  مستەفا بارزانی ئەژمار دەكرێت، بەتایبەتی دانپێدانی فەرمی دەوڵەتی عێراق بە مافە رەواكانی گەلی كوردستان لە سەدەی بیستەمدا  لە لایەكەوە بە خاڵە وەچەرخانیكی گرنگ لە تێگەیشتنی دەوڵەت بۆ پرسی كورد و مافە رەواكانی ئەژمار دەكرێت و لە لایەكی ترەوە بۆ یەكەمجار لە میژووەكەیدا كورد بە فەرمی دەبووە خاوەن حكومەتێكی یاسایی و دەستووری.

لە رێكەوتننامەكەدا، بە پێی سەرژمێری ناوچە كوردییەكان دیاری دەكران و ئۆتۆنۆمی ئەو ناوچانە دەگرتەوە كە زۆرینەی خەڵكەكەی كوردن و لەگەڵ ئەوشدا دەبووە ھاوبەشێكی راستەقینە لە حوكمڕانیی عێراق.

ئەم رێككەوتنە ئەنجامی خەبات و بەرخودانی چەندین ساڵەی بزووتنەوەی سیاسی و چەكدارای گەلی كورد لە چوارچێوەی گەورەترین شۆڕەشەكەی بوو، بە تایبەتی پاش ئەوەی حزبی بەعس لە 17 تەموزی 1968 لە رێگەی كودەتایەكی سەربازی دەسەڵاتی گرتە دەست و لەشكركێشییەكانی بۆ سەر كوردستان و شۆرشەكەی توندتر كرد، كە چەند ساڵ پێشتر دەستیپێكردبوو.

بەڵام دوای چەندین شكست لە ساڵانی  1968 ـ 1969 پەنای بۆ دانوستانی ھێنا و مستەفا بارزانی كە باوەری بە چارەسەری ئاشتیانە و دانوستان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد ھەبوو، چەندین دانوستانی نێوان حكومەتی عێراق و سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول لێكەوتەوە و سه‌دام حوسێن جێگرى سه‌رۆك كۆمارى ئه‌وكاتى عێراق چه‌ند جارێك سه‌ردانى سه‌ركردایه‌تى شۆڕشى كرد و دواتر رێكەوتننامەی 11 ئاداری لێكەوتەوە و بەیاننامەی ھاوبەش له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى جه‌ماوه‌رى راگەیەنرا و لە رادیۆ و تەلەڤزیۆنیش بڵاوكرایەوە.

 

شاندی حكومەتی عێراق و سەركردایەتی شۆرشی ئەیلول
شاندی حكومەتی عێراق و سەركردایەتی شۆرشی ئەیلول

تەنیا چەند مانگیك پاش رێككەتننامەكە، فاكتەرەكانی پاشگەزبوونەی حكومەت بەدەر كەوتن، سەرباری ئەوەی ئیدریس بارزانی لە بەغدا لە ھەوڵێكی تیرۆریستی رزگاری بوو. له‌ ئه‌یلوولى هه‌مان ساڵ به‌غدا پرۆژه‌یه‌كى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانى ره‌تكردەوە كه‌ داواى ده‌كرد به ‌به‌هاى 100 ملێۆن دۆلار ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ى په‌ره‌پێدان له‌ كوردستان ‌ئه‌نجام بدرێت.

ئاستەنگە سیاسی و كارگێرییەكانی حكومەت بە ئەم بوارانەی رێككەوتن لەسەر كرابوو، بەردەوامبوون، بە تایبەتی لە كەركوك و پێشێلكردنی خودی رێككەوتننامەكە بۆ رەوشی شارەكە و چەندین بواری دیكەی وەك بەردەوامبوون لەسەر پرۆسەی تەعریب و پرسی كارمەندانی كورد لەم شارە و ئەنجامنەدانی سەرژمێری.

بەعس لە ساڵی 1973 لە پرۆژە پێشنارێك بۆ ھەمواركردنەوەی دەستوور داوای كرد كەركوك لە ناوچەی ئۆتۆنۆمی دەربھێنرێت.

بەعس لە رۆژی 3 ئاداری 1974 پاش ئەوەی دانوستانەكانی پچراند، كە كوتایی بە ماوەی گواستنەوە ھاتووە، ئەوكاتەی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دیاریكرابوو.

لە 7 ئاداری ھەمان ساڵ شاندێكی كورد لەگەڵ سەدام حوسێن جێگری سەرۆك كۆمار كۆبووەوە و بە پێداگری لەسەر وازنەھێنان لە كەركوك، شنگال و خانەقین چەند پێشنیاریكیش خستەڕوو. بەڵام سەدام پێشنیارەكانی رەتكردەوە و پێداگری لەسەر ئەو ئۆتۆنۆمییە كرد كە سنوورەكانی بۆ خۆیان دیاری كردووە و تەنیا 15 رۆژیكیش مۆڵەتی دایە لایەنی كوردی بۆ پەسندكردنی، بە پێچەوانەوە بە دوژمن لە قەلەمیان دەدات.

دەوڵەتی عێراق لە 11 ئاداری 1974 بە یەكلایەنە یاسای ژمارە 33 ئۆتۆنۆمیی لە كوردستان راگەیاند و زیاتر لە نیوەی خاكی كوردستان خستە دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی.

سەرەنجام جارێكی تر شەڕ لە كوردستان دەستیپێكردەوە و تا ئەوەی رێككەوتننامەی جەزایر لە 6 ئاداری 1975 نسكۆی بە شۆڕش ھێنا.

JS