بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتیی عێراق بارودۆخی سیاسی عێراق تاوتوێی دەكەن

دەیانەوێت پڕۆژەیەك بۆ لێك نزیكبوونەوەی لایەنەكان و دارشتنەوەی سیاسەتی عێراق ئامادە بكەن

K24 - ھەولێر

ئاراز ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ئەمڕۆ 20 كەسایەتی عێراق لە پێكھاتە جیاوازەكان لە ھەولێر لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان كۆدەبنەوە، ئامانجیانە پڕۆژەیەك بۆ لێك نزیكبوونەوەی لایەنەكان ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی كۆدەنگییەك لەسەر پرسە سیاسییەكان لە عێراق و ھەرێمی كوردستان بێتە ئاراوە".

گوتیشی: "ئەو كەسایەتیانە پێشتر لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق و چەند كەسایەتییەكی سیاسی دیكەی عێراق گفتوگۆیان كردووە، دەیانەوێت ئەمڕۆ پەیامی خۆیان بگەیەنە سەرۆك بارزانی و بۆچوونی لەسەر سیاسەتی داھاتووی عێراق وەربگرن".