ئه‌وروپا پێویستی به هاوبه‌شی نوێی بازرگانیه
ئه‌وروپا روو له ئاسیا ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌وروپیه‌كان چه‌نده بێهوابن له ئیداره‌ی نوێی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌وه‌نده به‌دوای جێگره‌وه ده‌گه‌رێن بۆ دۆزینه‌وه‌ی هاوبه‌شی نویی ئابووری و بازرگانی، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كۆمسیۆنی بازرگانی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، هه‌وڵی مگه‌یاندنی رێككه‌وتنی بازرگانی ئازاد ناسراو به فتا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئاسیا ده‌ده‌ن، چونكه رێككه‌وتنه بازرگانیه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا پێش له دایكبوون مرد.
سه‌ره‌ڕای سه‌رنه‌كه‌وتانی هه‌وڵه‌كان، بۆ واژوكردنی رێككه‌وتنێكی بازرگانی ئازاد له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، به‌لام هیشتا ئه‌وروپیه‌كان چاویان له‌وه‌یه ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵوێستی خۆی بگۆریت، تاوه‌كو كه‌شتیه بازرگانیه‌كان به ئازادی له‌نێوان هه‌ردوو به‌ری زه‌ریای ئه‌تڵه‌سی بێن و بچن.
به‌ڵام، ئه‌وروپییه‌كان ته‌نها چاوه‌ریی ئه‌مریكا ناكه‌ن، به‌ڵكو سه‌رگه‌رمی دۆزینه‌وه‌ی جێگره‌ویكن بۆ هاوبه‌شی بازرگانی، له‌وه‌شدا، گفتوگۆكانیان له گه‌ڵ وڵاتانی وه‌كو، ژاپۆن، ڤیتنام، سنگاپورا، ئوسترالیا، نیوزله‌ندا، چیلی، ده‌ستی پێ كردووه.
سیلیسیا حالم سترۆم, كۆمیسياری بازرگانی ئه‌وروپا، ده‌ڵێت: "ئێمه ئاماژه‌ی ئه‌رێنیمان له زۆرێك له وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا به ده‌ست گه‌یشتووه له پێناوی رێككه‌وتنی ئازادی بازرگانی، بۆ نموونه، ژاپۆن كه له‌گه‌ڵیدا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام، هه‌روها به‌مزووانه له‌گه‌ڵ نیوزلا‌ند و ئوسترالیا و چیلیش ده‌گه‌ینه ئه‌نجامێك و له ئێستادا ئێمه له گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ مه‌كسیك و ژماره‌یه‌ك وڵاتانی ئه‌فریقی".
هه‌رچه‌نده ئه‌مریكا هه‌نگاو بنێت بۆ په‌یره‌وی كردنی سیاسه‌تی پاراستنی ئابووری و داخستنی بازاره‌كانی، هاوبه‌شه‌كانی دوێنێی زیاتر به دوای دۆزینه‌وه‌ی جیگره‌وه‌دان، له‌و چوارچێوه شدا ئه‌وروپا ته‌واوی تواناكانی خۆی خستوه‌ته گه‌ر بۆ زیندو كردنه‌وه و به ئه‌نجام گه‌یاندی رێككه‌وتنی بازرگانی ئازاد ناسراو به "فتا" له‌گه‌ڵ ولاتانی ئاسیا.
پێشتر ئه‌وروپا و وڵاتانی ئاسیا به تایبه‌تی وڵاتانی گرووپی ئاسیان له سه‌ر رێككه‌وتنی "فتا" نه‌گه‌یشتن به هێچ ئه‌نجامێك، خاڵی ناكۆكیشیان بریتی بۆ له جیاوازی ستاندار و جیاوازی دابه‌ش بوونی سامان، به‌ڵام ئێستا كه ئه‌وروپا له ئه‌مریكا بێهیوا بووه، جارێكی دیكه، با، چارۆكه‌ی كه‌شتیه‌كانیان به‌ره‌و بازاڕه‌كانی ئاسیا ده‌گێرێته‌وه.