داھێنەری ئینتەرنێت بەرەنگاری ھەواڵە ساختەكان دەبێتەوە

داوای سنوورداركردنی ئەو ریكلام و پروپاگەندە سیاسییانە دەكات كە بە "نائەخلاقی" بە ناو دەكات

K24 - ھەولێر

داھێنەری ئینتەرنێت سر تیم بێرنێرس-لی بەرنامەیەك بۆ بەرنگاربوونەوەی ھەواڵی ساختە و دروستكراو پێشكەش دەكات.

تیم بێرنێرس لە 28مین ساڵیادی داھێنانی ئینتەرنێت لە نامەیەكی كراوەدا بە دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە چۆنییەتی بەكارھێنانی ئینتەرنێت، بەرنامەیەكی 5 ساڵەشی بۆ بەرنگاربوونەوەی ھەواڵی ساختە و دروستكراو و سنوورداركردنی پروپاگەندەی نائەخلاقی سیاسی و كۆنترۆڵكردنی زانیارییە تایبەتییەكان پێشكەش كرد.

بەپێی ھەواڵێكی بی بی سی، داھێنەری توڕی جیھانی ئینتەرنێت رایگەیاند دەیەوێت بەرەنگاری بەكارھێنانی خراپ لە زانیارییە تایبەتییەكان ببێتەوە، كە پێی وایە كاریگەرییەكی قوڵی خستووەتە سەر ئازادیی رادەربڕین.

تیم بێرنێرس-لی ھەروەھا داوای سنوورداركردنی ئەو ریكلام و پروپاگەندە سیاسییانە دەكات كە بە "نائەخلاقی" بە ناو دەكات.

ئەم تویژەرەی زانستی كۆمپیوتەر داوا لەو كەسانە دەكات كە بە بڵاوكردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ، تویت و دروستكردنی لاپەرە یارمەتی بەرفراوانكردنی ئینتەرنێتیاندا، رێگا چارەیەكی پراكتیكی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئینتەرنێت "ھێز و دەرفەتی یەكسان بە ھەموو كەسێك" بدات.

رەخنەی ئەوەش دەگرێت بەكارھێنەران بە زۆری ناتوانن بڵێن نایانەوێت چ زانیارییەكیان شەیر بكرێت و ئامادەیی خۆیشی بۆ ھاوكاری كردن لەگەڵ كۆمپانیاكان دەردەبڕێت بۆ ئەوەی كۆنترۆڵكردنی بەشێكی گونجاوی زانیارییە تایبەتییەكانی تاكەكەس لە ئینتەرنێت لە دەست خۆیدا بێت.

لەكاتی بانگەشەی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ھەواڵی ساختە و دروستكراو لە بارەی پشتگیری پاپ فرانسیس لە دۆناڵد ترەمپ، یان فرۆشتنی چەك بە داعش لە لایەن ھیلاری كلینتۆن لە فەیسبوك دەست بە دەستكرا.

فەیسبوك لەم دواییە رایگەیاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەواڵی ساختە خزمەتگوزارییەكانی زیاتر دەكات.

لە لایەكی ترەوە گوشار خراوەتە سەر گوگل و تویتەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەواڵی ساختە ھەنگاوی زیاتر بگرنەبەر.

JS

Fly Erbil Advertisment