پارتی: كاره‌كانی لقی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوا به‌ توندی ئیدانه‌ ده‌كه‌ین

پارتی له‌سه‌ر ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان هاته‌ ده‌نگ.. "په‌كه‌كه‌ دیكتاتۆرانه‌ ره‌فتار ده‌كات"

K24 - هه‌ولێر:

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا نیگه‌رانی خۆی له‌ باره‌ی "بارگرژییە دروستكراوه‌كانی ده‌ستی لقه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان" ده‌رده‌بڕێت و راده‌یگه‌نێت، دیکتاتۆرانە رەفتار دەکات.

له‌ به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیدا، كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه‌، هاتووه‌: "زۆرە ملێ و هێزی چەک و تۆقاندن خۆی سەپاندووە و هەموو حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی خستۆتە ژێر ئیرهابی فیکری و سیاسییەوە و سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانیان راوەدوو دەنێ و زیندانەکانی پڕ کردووە لە خەباتگێڕانی کورد".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

پەیامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی رەفتارەکانی پەکەکە لە رۆژئاوا کوردستان

بە نیگەرانییەکی زۆرەوە هەواڵی بارگرژییەکانی دروستكراوی ده‌ستی لقه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان دەبیستین، کە دیکتاتۆرانە رەفتار دەکات و بە زۆرە ملێ و هێزی چەک و تۆقاندن خۆی سەپاندووە و هەموو حزب و رێکخراوە سیاسییەکانی خستۆتە ژێر ئیرهابی فیکری و سیاسییەوە و سەرکردایەتی و ئەندامان و لایەنگرانیان راوەدوو دەنێ و زیندانەکانی پڕ کردووە لە خەباتگێڕانی کورد و گشت چالاکییەکی سیاسی قەدەغە کردووە و به‌بێ‌ هیچ پاساوێك هەڵدەکوتێتە سەر بارەگاکانیان و تاڵانیان دەکات و دەیانسوتێنێ، ئێمه‌ لە پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕانی نیگەرانی زۆرمان، ئه‌م  جۆره‌ ره‌فتارانه‌ به‌ توندی ئیدانه‌ و مه‌حكوم ده‌كه‌ین.

پەکەکە لە رۆژئاوا لەژێر ناوی پەیەدەدا هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەندامی حزبه‌كانی ئەنەکەسە و هەر حزبێکی تری غەیری پەکەکە بە تاوان لە قەڵەم دەدا و بە فیکر و رەفتار دژی هەموو بەها و دروشمێکی کوردستانی و سەربەخۆییخوازییە و دەستی لەگەڵ هەموو ئەو پرۆژە ئیقلیمییانە تێکەڵ کردووە کە رێ لە بە ئاوات گەیشتنی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردان دەگرن و تەنانەت بۆتە هێزی تەحتەلتەڵەبی ئەو پیلانانە.

ئەم رەفتارانەی کە پەکەکە بە ناوی پەیەدەوە دەیانکات جگە لە قۆرخکردنی کایەی سیاسی و هەموو شێوازەکانی چالاکی مەدەنییانە و دیموکراسی، هەروەها  دژایەتییەکی رووهەڵماڵراوە بەرانبەر خەباتی چەندین ساڵەی گەلی کوردی خۆڕاگر لە رۆژئاوا لەپێناوی مافە رەواکانی. هاوکات کە پەکەکە سەفەقاتی ژێربەژێرانەی موخابەراتی لەگەڵ رژێمه‌كانی ناوچه‌یی دەکات و خۆی دەکاتە بەشێک لە پیلانێکی ئیقلیمی ئەنجام نادیار،  قوربانیدانی کوردان و خوێنی هەموو ئەو گەنجە دلێرانە بە فیرۆدەدات کە لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لەپێناوی ئازادکردنی خاکی کورداندا گیانیان بەخت کرد.

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی کوردستان