ئه‌ردۆغان: ئه‌وروپا شه‌ڕى خاچى له‌ دژى مانگ ده‌ستپێكردووه‌

ئه‌وروپا به‌ سياسه‌تى له‌ به‌رامبه‌ر موسڵمانان شه‌ڕى خاچى له‌ دژى مانگ ده‌ستپێكردووه‌.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك كۆمارى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان رايگه‌ياند، ئه‌وروپا به‌ سياسه‌تى له‌ به‌رامبه‌ر موسڵمانان شه‌ڕى خاچى له‌ دژى مانگ ده‌ستپێكردووه‌.

دوێنێ ئه‌ردۆغان له‌ پارێزگاى سه‌كارياى باكوورى توركيا وتارێكى ئاراسته‌ى لايه‌نگرانى كرد.

له‌ وتاره‌كه‌يدا ئه‌ردۆغان ره‌خنه‌ى له‌ بڕيارى دادگاى دادى ئه‌وروپا گرت له‌ باره‌ى رێگه‌ دان به‌ قه‌ده‌غه‌كردنى حيجاب له‌ شوێنه‌كانى كاركردندا.

ئه‌ردۆغان گوتى: شووره‌ييه‌ بۆ يه‌كێتى ئه‌وروپا كه‌ ده‌ستبه‌ردارى به‌هاكانى له‌ پرسى داد و ئازادى ئاينيى ده‌بێت. ئه‌وان  ده‌ستپێكى شه‌ڕى مانگ و خاچيان راگه‌ياندووه‌ و ئه‌و بڕياره‌يان ته‌نيا ئه‌و راڤه‌يه‌ى بۆ ده‌شێت.

هه‌روه‌ها گوتى: "دیوانی دادی یەکێتی ئەورووپا روونکردنەوەی داوە و بە خاوەنکارەکان دەڵێت ئەگەر خوازیارن دەتوانن رێگا بەوانە نەدەن لە شوێنەکانتاندا کار بکەن کە سەرپۆش دەپۆشن. ئەی کوا ئازادی بیروباوەڕ و ئایین؟ئەمانە شەڕی خاچ و ھیلالیان دەستپێکرد. ھیچ روونکردنەوەیەکی دیکە نییە. بەڕوونی دەیڵێم ئەورووپا بە خێرایی بەرەو ساڵانی پێش جەنگی جیھانی دووھەم ھەنگاو دەنێت".

بڕياره‌كه‌ى دادگاى ئه‌وروپا رێگه‌ ده‌دات به‌ خاوه‌ن كاره‌كان رێككارى تايبه‌ت به‌ خۆيان بۆ قه‌ده‌غه‌كردنى حيجاب له‌سه‌ر كاره‌كانيان بگرنه‌ به‌ر.

سه‌رۆك وه‌زيرانى بريتانياش تيريزا ماى يه‌كێك له‌و كه‌سانه‌يه‌ دژى بڕياره‌كه‌ هه‌ڵوێستى نواندووه‌.

ئه‌و له‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نى گشتى وڵاته‌كه‌يدا گوتى: ناكرێت حكومه‌ت شێوازى جلوبه‌رگى ژنان ديارى بكات و ئه‌و رێككاره‌ له‌گه‌ڵ بنه‌ماى ئازادى وڵاته‌كه‌مان ناگونجێت.

ئه‌و بڕياره‌ى دادگاكه‌ دواى ئه‌وه‌ هات دوو ژنى موسڵمان له‌ فه‌ره‌نسا و به‌لجيكا سكاڵايان تۆمار كردبوو، له‌ دژى خاوه‌ن كاره‌كانيان كه‌ به‌ هۆى باڵاپۆشى و حيجابه‌وه‌ له‌ كار ده‌ركرابوون، به‌ڵام وه‌ڵام و بڕيارى دادگا پێچه‌وانه‌ى ويسته‌كانيان بوو.

سه‌رۆك كۆمارى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان له‌ ميانه‌ى وتاره‌كه‌يدا باسى هه‌ڵبژاردنى هۆڵه‌نداى كرد و گوتى: "ئەی رووتە، دەکرێت ببیتە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکان، بەڵام با بزانیت دۆستێکی وەک تورکیات لەدەست دا. ئەگەر بڵێی 'بەڕێزم، دوای ھەڵبژاردن لەگەڵ سەرۆکوەزیران نانێک دەخۆین'. ئێمە سەرۆکوەزیرانێکی بەمشێوەیەمان نییە. واز لەوە بێنە. تۆ لەدەستت دا".

سەرکۆماری تورکیا رەخنەی لە یەکێتی ئەورووپا گرت و رایگەیاند: "ئێستا ئەمانە لە بارەی ھەڵگرتنی ڤیزا بەڵێنیاندا، نەیانبردە سەر. ئێستا دەڵێن 'وەرگرتنەوەی پەنابەر'. چ وەرگرتنەوەیەک، واز لەوانە بھێنە. تۆ ناھێڵیت وەزیرەکەی من بێتە ھۆڵەندا، تۆ رێگە بەنیشتنەوەی فڕۆکەی وەزیری دەرەوەی من نادەیت، رێگە نادەیت بەئەنجامدانی کۆبوونەوە لە بینای باڵیۆزخانەکەمدا کە خاکی منە و، رێگە نادەیت بچنە ئەوێ، چاوەڕوانیت لەئێمە ئەوەیە بێیتە ئێرە. شتی وا نییە. عەرەبەکان گوتەیەکی زۆر جوانیان ھەیە دەڵێـت؛ لە دەرگای ھەرکەسێک بدەیت لە دەرگات دەدرێتەوە".

ئەردۆغان لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "ئێستا یەکێک لەوانەی لە ئەورووپا دەسووڕیتەوە ھەڵمەتی بانگەشەی نەخێر لەگەڵ پەکەکە بەڕێوە دەبات، سەرۆکی یەکێتی پارێزەرانی تورکیایە. تۆ بە چ جۆریک سەرۆکی یەکێتیی پارێزەرانی؟ کێ لەوە تێدەگات کە لەگەڵ پەکەکەیت؟ ئایا لە ئێستادا قەندیل، سەرۆکی پەکەکە لایەنگرانی رێکخراوە تیرۆریستییە جوداخوازەکان دەڵێن 'نەخێر'؟ لەبیرتان نەچێت ھەر کەس لەگەڵ خۆشەویستیانییەتی".

ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی بۆ ئەوەی تورکیا بەھێز و گەورە بێت پێویستی بە ئیدارەیەکی سەقامگیر ھەیە، رایگەیاند: "پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ دوور. لە ساڵی 1991ەوە تاکو ساڵی 2002 ماوەی 11 ساڵ حوکمڕانی وڵات سەردەمی ھاوپەیمانی بووە دەزانن دارایی وڵات چۆن بوو؟ بە تەواوی ٨٥٠ ملیار دۆلار. ئایا بۆچی؟ ئەگەر لە ساڵی 1991ەوە ئیدارەیەکی سەقامگیر تورکیای بەڕێوە بردبووایە، ئێستا گەشەی ئابووریمان دوو بەرابەر ھەڵدەکشا. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت تاکو ئێستا وەکو وڵات خاوەن داھاتی یەک ترلیۆن و 700 ملیار دۆلار دەبووین".

لەبارەی لێدوانەکانی کڵچدارئۆغڵو، ئەردۆغان رایگەیاند: "دەڵێت 'لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەروەک گوتار بۆ موختاران پێشکەش دەکات' تۆ لە ژیانت گوتارت لە ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش کردووە؟ دەزانیت کێ لەوێ دادەنیشێت؟ سەرەتا سنوورت بزانە. لە پڕا سووکایەتی و بێ رێزی بە سەرکۆمارت مەکە. گوایە لێرەدا چی قسەیەک بکرێت، نابێت لەوێدا بگوترێت. ئێمە لەودا پێداگرین. لە وڵاتەکەمان شتێک و لە شوێنێکی دیکە شتێکی دیکە ناڵێین. لەوبارەیەوە راستییەک چی بێت و لێرەدا چۆن قسە بکەین، لەوێش بەو شێوەیە قسە دەکەین. لاربوونەوەیەکی بەو شێوەیە نابێت. سیاسەتی دروست ئەمەیە".

ئەردۆغان لە کۆتایی گوتەکانیدا گوتیشی: "ھەر ھاووڵاتییەکمان، لەھەر ھەلومەرجێکدا بێت لە ھەر تەمەنێکدا خانەنشین بێت، پەرلەمانتاران لەو تەمەنەدا خانەنشین دەبن. واتە ئەگەر یەک خول پەرلەمانتاریی کرد، دواتر ئەگەر بەردەوام نەبوو لەسەر پەرلەمانتاریی، چی کارێک بکات لە چی دەزگایەک کار بکات، لەوێ دڵنیایی نیشتیمانی دەدات یان پێی دەدرێت. تا کەی؟ تا ئەو کاتەی تەمەنی خانەنشینی دێت. لەپێشدا ئەمانە فێڕبە، من بەوەڵامدانەوەی ئەم درۆیانە ئەشکەنجەی خۆم دەدەم بەڵام تائێستا ئەو کەسەی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی لە گوتنی ئەو درۆیانە ناکەوێت. ئەمەم پێناخۆشە".

 سه‌رچاوه‌: روسياليه‌وم و ئه‌نادۆڵ