توركیا بۆ ئه‌وروپا: مانگانه 15 هه‌زار په‌نابه‌رتان بۆ ده‌نێرین
هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵپه‌ساردنی رێككه‌وتنه‌كه ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیری ناوخۆی توركیا، ئه‌مڕۆ هه‌ینی، هه‌ڕه‌شه‌ی ناردنی په‌نابه‌رانی له ئه‌وروپا كرد و رایگه‌یاند، مانگانه 15 هه‌زار په‌نابه‌رتان بۆ ده‌نێرین.
پێشتر به گوێره‌ی رێككه‌وتنێكی نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌نقه‌ره، ئه‌و وڵاته رێگه‌ی به په‌نابه‌ران نه‌ده‌دا خاكی توركیا، بۆ رۆیشتن به‌ره‌و وڵاتانی ئه‌وروپا به‌كاربهێنن، به‌ڵام ئێستا وه‌زیری ناوخۆی توركیا، هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵپه‌ساردنی تاكلایه‌نه و كارنه‌كردن به‌و رێككه‌وتنه، له ئه‌وروپا ده‌كات.
سلێمان سۆیلو، وه‌زیری ناوخۆی توركیا، له چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئه‌نادۆڵو، په‌یامێكی ئاراسته‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا كرد و رایگه‌یاند، توركیا ده‌توانێت مانگانه 15 هه‌زار په‌نابه‌ریان بۆ بنێرێت ئه‌گه‌ر ئه‌وه ده‌خوازن.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ئه‌وروپا ناتوانێت هیچ یارییه‌كی ئه‌نجام بدات، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت توركیا پشتگوێ بخات.
سۆیلو ره‌خنه‌ی له هۆڵه‌ندا و ئه‌ڵمانیا گرت، كه پێشتر رێگه‌یان نه‌داوه هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی گۆڕانكاری ده‌ستووری، له‌و وڵاتان به‌ڕێوه‌بچێت و گوتی: " ده‌ستووری ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا ناگۆڕێت، به‌ڵكو ئه‌وه په‌یوه‌ندی به كاروباری ناوخۆی توركیاوه هه‌یه، من ده‌پرسم چ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر ئێوه‌دا دێت؟ بۆ ده‌ستێوه‌ردان له كاروباری ئێمه‌دا ده‌كه‌ن؟".