له گوندێكی خه‌لیفان گه‌نجان بۆ ریزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ناونووس ده‌كرێن
به شێكیان په‌شیمان بوونه‌ته‌وه و بۆ كوردستان 24 ده‌دوێن
K24 - هه‌ولێر:
له‌گوندێكی سه‌ربه‌شاره‌دێی خه‌لیفان له‌سنوری قه‌زای سۆران، گه‌نجان بۆ ڕێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ناونوس ده‌كرێن، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێیه‌كه‌ش ڕه‌تی ده‌كاته‌وه ڕێگه به‌هیچ گروپێكی چه‌كداری له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بده‌ن، كوردستان بیستوچوار به‌دواداچونی بۆ ئه‌و پرسه كردووه.
له‌سۆران به‌ره‌و گوندی كه‌له‌كین به‌دووری پێنج كیلۆمه‌تر, باشووری رۆژئاوای خه‌لیفان به‌ڕێكه‌وتین، به‌گوێره‌ی زانیاریيه‌كانی كوردستان 24, گه‌نجانی ئه‌و گونده و ده‌وروبه‌ری, بۆ ڕیزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ناونووسده‌كرێن.
دوای پێنج كاتژمێر له به‌دواداچوون و هه‌وڵدان, دواجار توانیمان چاومان به‌دووگه‌نج بكه‌وێت, كه بۆ حه‌شدی شه‌عبی ناونووسكراون.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی خه‌لیفان وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زانیاريیه‌كانی كوردستان 24, رایگه‌یاند، ڕێگه به‌دروستبوونی هیچ ده‌سته‌وتاخمێك له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ناده‌ن.
بۆ به‌دواداچوونی زیاتر سه‌ردانی سه‌ردار عومه‌ر ئاغای سورچی, كه كوڕی كه‌سایه‌تیيه‌كی ناسراوی ناوچه‌كه‌یه و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت, ئه‌ندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه و سه‌رپه‌رشتی ناونووسینه‌كه ده‌كات, ئه‌و ره‌تیده‌كاته‌وه ناونووسینه‌كه بۆ ڕیزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بێت.
حه‌شدی شه‌عبی هێزی چه‌كداری رێگه‌پێدراوی عێراقه و به‌بڕیاری عه‌لی سیستانی, گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه, دوای هاتنی داعش و داگیركردنی به‌شێكی زۆری خاكی عێراق دامه‌زراوه، به‌ڵام كورد ئه‌و هێزه چه‌كداره به‌مه‌ترسی دوای داعش له‌سه‌ر باشووری كوردستان ده‌زانێت.