بارزانی پەیامێك بڵاودەكاتەوە
"ئازار و نەورۆز بۆ گەلەكەمان هێمای تێكشكاندنی زوڵم و دەركەوتنی رووناكی و ژیانەوە دەدات"
K24 - ھەولێر
مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەر ساڵی كوردی، پەیامێك بڵاودەكاتەوە و رادەگەیەنێت: "مانگى ئازار مانگى سەركەوتن و خۆشی و ئێش و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئازار و نەورۆز بۆ گەلەكەمان هێمای تێكشكاندنی زوڵم و دەركەوتنی رووناكی و ژیانەوە دەدات".
لە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی ھاتووە: "خۆڕاگری و قوربانیدانی بێ هەژماری گەلی كوردستان لە قۆناغە سەختەكانی خەباتدا هەر لە بەرگریكردن لە مان و ناسنامەییەوە بگرە هەتا تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دەبێ ئەنجامی هەبێت و پێویستە ئەو خەبات و دەستكەوتانە یەك هەنگاویش بەرەو پاشەوە نەڕوات و دەبێ گەلی كوردستان بگاتە سەروەریی خۆی و خاوەن بڕیار و چارەنووس و ژیانی خۆی بێت".
دەقی پەیامی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی كوردییەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و هەموو كوردانى ناوەوە و دەرەوەی وڵات و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان دەكەم. هیوای ساڵێكی خۆش و پڕ لە بەرەكەت و بەختەوەری بۆ هەموو لایەك دەخوازم.
مانگى ئازار مانگى سەركەوتن و خۆشی و ئێش و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بووە. لەگەڵ ئەوەیشدا ئازار و نەورۆز بۆ گەلەكەمان هێمای تێكشكاندنی زوڵم و دەركەوتنی رووناكی و ژیانەوە دەدات و ئەوەیش بەو مانایە دێت كە قوربانیدان و خەبات ئەنجام و بەرهەمی دەبێت.
خۆڕاگری و قوربانیدانی بێ هەژماری گەلی كوردستان لە قۆناغە سەختەكانی خەباتدا هەر لە بەرگریكردن لە مان و ناسنامەییەوە بگرە هەتا تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش دەبێ ئەنجامی هەبێت و پێویستە ئەو خەبات و دەستكەوتانە یەك هەنگاویش بەرەو پاشەوە نەڕوات و دەبێ گەلی كوردستان بگاتە سەروەریی خۆی و خاوەن بڕیار و چارەنووس و ژیانی خۆی بێت. هەر ئەوەیشە باشترین وەڵام و باڵاترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل.
ئەو قوربانییەی گەلی كوردستان داویەتی و ئەو فەرهەنگە بەرزەی لە پێكەوەژیان و لێبوردەییدا هەیەتی و ئەو قارەمانێتییەی پێشمەرگە تۆماری كردووە، لەچاوی جیهانیاندا شاراوە نییە و ئێستا جیهان شانازی بە گەلی كوردستان و پێشمەرگە دەكات.
لەم بۆنەیەدا داوا لە خەڵكی سەربەرزی كوردستان دەكەم ئومێدیان بەهێز بێت چونكە بە دڵنیاییەوە خۆڕاگرییەكەیان بەرهەمی دەبێت. داوا دەكەم لە بەرانبەر هەر هەوڵ و دەنگێكدا خۆڕاگر بن كە بیەوێ بڕوابەخۆبوونیان لێ بستێنێتەوە و پاشكۆیی بچەسپێنێت. نەورۆز لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان پیرۆز دەكەم.
هەر لە خۆشیدا بن.
مسعودبارزانی
20ـی 3ـی 2017