كوڕەكەی ترەمپ گاڵتە بە شارەداری لەندەن دەكات

ھاووڵاتییانی بریتانیا بەرامبەر كوڕەكەی ترەمپ پشتگیریی سەرۆك شاروانییەكەیان دەكەن

K24 - ھەولێر

كوڕەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی ھێرشەكەی لەندەن گاڵتە بە شارەداریی لەندەن سادق خان دەكات و توڕەیی و دژكردەوەی توندی ھاووڵاتییانی بریتانی بەدوای خۆیدا دێنێت.

ترەمپی كوڕ لە توێتێكدا بە بڵاوكردنەوەی چاوپێكەوتنێكی رۆژی 22 ئەیلولی 2016 سادق خان نووسیویەتی: "گاڵتەم پێدەكەی؟! تیرۆر بەشێكە لە ژیانی شارە گەورەكە، شارەداری لەندەن سادق خان وا دەڵێت".

ئەم تویتە ئاماژەیەكە بە چاوپێكەوتنەكەی سادق خان لەگەڵ رۆژنامەی ئیندپێندنت، كە ئەوكات گوتبووی "پێویستە دانیشتوانی شارە گەورەكانی جیھان ئامادەبن بۆ روودانی ھێرشە تیرۆریستییەتەكان، تەنانەت لە كەمترین ماوەدا پێشبینی روودانی كردەوەی تیرۆریستی دەكرێت" و "تیرۆر بە بەشێك لە ژیانی شارە گەورەكان"ی زانیبوو.

ھاووڵاتیانی بریتانی بە بڵاوكردنەوەی وێنەی كوڕەكەی ترەمپ پاش كوشتنی فیلێك پشتگیری سادق خان دەكەن، كە لە وێنەیەكدا كوڕەكەی ترەمپ چەقۆ و كلكی فیلێكی لە كنار لاشەكەی بەدەستە و لە وێنەیەكی دیكەدا چەكی بە دەستە و پاڵی داوەتەوە بە ئاژەڵێك، كە پێدەچێت كوژرابێت.

پشتیوانانی سادق خان دەڵێن كوڕەكەی ترەمپ تەنیا بە مەبەستی خۆشگوزەرانی ئاژەلەكان دەكوژێت و یەكێكیان ئاماژە بە كوشتنی فیلێك دەكات و وێنەكەشی بڵاو دەكاتەوە.

ھەندێكیشیان بە نەژادپەرستی و دژی موسڵمان وەسفی دەكەن.

پەرلەمانتار ڤیس ستریتینگ لە باكووری ئیلفۆرد و سەرۆكی پێشووی یەكێتی نیشتمانی قوتابیان بە كوڕەكەی ترەمپ دەڵێت " لە پێناو دەستكەوتی سیاسی ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر شارەكەمان بۆ ھێرشكردنە سەر شارەداری لەندەن بە كاردێنی. شەرمەزارییە".

كوڕەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا  و شارەداری لەندەن لە دوو وێنەی جیاوازدا
كوڕەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا و شارەداری لەندەن لە دوو وێنەی جیاوازدا

لە ھێرشی رۆژی چوارشەممەی رابردووی لەندەن لە نزیك پەرلەمان چوار كەس كوژران و 40 دیكەشی برینداربوون و 29یان لە نەخۆشخانە چارەسەریان بۆ دەكرێت و ھێرشكارەكەشی لە لایەن پۆلیسەوە كوژرا.

ھێرشكارەكە لە سەر پردی وێست مینستێر لە ناوەڕاستی لەندەن و نزیك لە كاتژمێری بیگبەن و پەرلەمانی بریتانیا بە ئۆتۆمبیل بەسەر خەڵك كەوت و دواتر  بە چەقۆیەك ھێرشی كردە سەر پۆلیس، پێش ئەوەی بكوژرێت.

ھێشتا ناسنامەی ھێرشكارەكە ئاشكرا نەكراوە و چەندین كەس بە تۆمەتی تێوەگلان لەم ھێرشە دەستگیركراون.

كوڕەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا
كوڕەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا