ترەمپ پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز دەكات
ھیوای ئازادی، سەربەرزی و سامان بۆ ئەوانە دەخوازێت كە جەژنی نەورۆز پیرۆز دەكەن
K24 - ھەولێر
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دۆنالد ترەمپ جەژنی نەورۆز لە تەواوی ئەو نەتەوانە پیرۆز دەكات كە جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ پیرۆز دەكەن.
ترەمپ لە بەیاننەمەیەكدا كە لە ماڵپەری كۆشكی سپی بڵاوكراوەتەوە رادەگەیەنێت ملیۆنان كەس لە ئێران، عێراق، توركیا، باشووری ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست لە سەرەتای بەھار لەگەڵ خێزانەكانیان كۆ دەبنەوە و جەژن دەگرن.
دەشڵێت نەورۆز بە مانای رۆژی نوێ و دەرفەتێكە بۆ دەستپێكردنێكی نوێ و باس لە سوود وەرگرتن لە دۆستایەتی خۆی لەگەڵ رەوەندی ئێرانی لە ئەمریكا دەكات و بە یەكێ لە سەركەوتووترین كۆمەڵی كۆچبەران بە ناو دەكات.
لە بەشێكی تری بەیاننەمەكەی، ترەمپ قسەیەكی كوروشی مەزن دەگێڕێتەوە "ئازادی، سەربەرزی و سامان پێكەوە گەورەترین بەختەوەری بە مرۆڤ دەبەخشن. ئەگەر ئەو سێ شتانەتان بە خەڵكدا، خۆشەویستی ئەوان بێ كوتایی دەبێت".
لە كوتایی پیرۆزباییەكەی ترەمپ ھاتووە " بە خەڵكی ئێران و تەواوی ئەو كەسانە نەورۆز پیرۆز دەكەن دەڵێم: لە لایەن خەڵكی ئەمریكاوە، ھیوای ئازادی، سەربەرزی و سامانتان بۆ دەخوازم. نەورۆز پیرۆز بێت".