بوونی پێشمەرگەی یەكێتی لە رۆژئاوای كوردستان رەتدەكرێتەوە

ھێزەكانی سوریای دیموكرات پێشوازی لە بەشداریكردنی ھێزەكانی رژێم لە شەڕی رەقە دەكات

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی ھێزەكانی سوریای دیموكرات تەلال سلۆ رادەگەیەنێت پێشوازی لە بەشداریكردنی ھێزەكانی رژێم لە شەڕی كۆنترۆڵكردنی رەقە دەكەن و بوونی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش لە رۆژئاوای كوردستان رەتدەكاتەوە.

رۆژنامەی وەتەن نزیك لە رژێمی سوریا لە زاری تەلال سلۆ بڵاوی كردەوە "حەسەدە پێشوازی لە بەشداریكردنی سوپای سوریا لە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی رەققە دەكات، بە پێچەوانەی سوپای توركیا، سوپایەكی نیشتمانییە، بەڵام سوپای توركیا پشتگیری تیرۆر و داعش دەكات.

لە بارەی ئۆپەراسیۆنی رەقە، گوتەبێژی حەسەدە ئاماژەی بەوەدا لە ماوەی 15 رۆژدا ئابڵۆقەدانی شاری رەقە تەواو دەبێت و پاشان دەست بە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی دەكەن.

هێزه‌كانی سوریای دیموكرات رۆژی 5 تشرینی دووه‌می 2016 به‌ به‌شداری یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و پشتگیری هه‌وایی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئۆپه‌راسیۆنی "توڕه‌یی فورات"ی بۆ كۆنترۆڵكردنی شاری ره‌ققه‌ ده‌ستپێكرد و لە سێ قوناغی ئۆپەراسیۆنەكەدا تا ئێستا ناوچەیەكی زۆریان لە دەوروبەری رەققە كۆنترۆڵكرد و بۆ یەكەمجاریش چوونەتە ناو سنووری پارێزگای دێرەزۆر.

لە لایەكی ترەوە، گەیشتنی ھێزەكانی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە شەڕی رەققە رەتدەكاتەوە و دەڵێت "ھێشتا ھیچ بڕیارێكی ستراتیژی لە لایەن فەرماندەیی حەسەدە لەمبارەوە نەدراوە".

ھەر لەم بارەوە گوتەبێژی ھێزەكانی سوریای دیموكرات رەتیدەكاتەوە ھیچ كۆبوونەوەیەك بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە ئەنجام درابێت و ھەواڵە میدیا كوردییەكان سەبارەت بەم پرسە رەتدەكاتەوە.

تەلال سلۆ لە بارەی رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی عه‌فرین گوتی سیاسەتی دان به‌خوداگرتن دەگرینەبەر و نامانه‌وێت له‌گه‌ڵ توركیا تووشی شه‌ڕ و پێكدادان ببین، سه‌رباری هاندانه‌كانی توركیا و تۆپبارانكردنی ئه‌م دواییه‌ هه‌ندێ له‌ گونده‌كانی عه‌فرین.